یەحیا رەسوول: چوار سووریمان لە کاتی هەوڵی دزەکردن بۆ نێو عێراق دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، چوار کەسی بە رەگەز سوورییان لە کاتی هەوڵی دزەکردن بۆ نێو خاکی عێراق دەستگیرکردووە.
 
درەنگانی شەوی رابردوو لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پاراستنی سنووری عێراق و رێگەگرتن لە هاتنی دزەکەران بۆ نێو خاکمان، چونکە پاڵەوانانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا چوار دزەکەریان گرت، کە ناسنامەی سوورییان هەیە و هەوڵیان دا لە ناوچەی حەنکە بزمارەوە لە رۆژئاوای نەینەوا سنوور ببەزێنن".
 
ئەمڕۆ سێشەممە 09-02-2021، وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند: "هێزێکی هاوبەشی فەوجی دووی لیوای هەشتی پیادە لە فەرماندەیی فیرقەی حەوتی پیادە، لەگەڵ هێزێکی هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە چوارڕیانی کۆمەڵگەی سەگڕەیان پشکنی، تێیدا دەستیان گرت بەسەر کۆمەڵێک بۆمبی چێندراوی پاشماوەی داعشی تیرۆریست، کە بریتین لە 17 بوتڵی ئاگرکوژێنەوە، پڕکرابوون لە ماددەی C4، لە پاڵ دەستگرتنەسەر چەندین بۆمبی چێندراوی دیکە کە لە دەبەی پڕکراو بە ماددەی C4 دروستکرابوون، دواتر هەموو ئەو بۆمبانە تەقێندرانەوە".
 
هەر لە چوارچێوەی پشکنینی مۆڵگە و حەشارگەکانی چەکدارانی داعش، بەشی هەواڵگریی سەربازی لە فیرقەی پێنج لە نزیکی سەربازگەی مەنسوورییە لە سنووری پارێزگای دیالە "دەستی بەسەر کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنی و مووشەکی پاشماوەی چەتەکانی داعشدا گرت، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری و ئاسایش لە پارێزگای کەرکووک شەش مۆڵگەی چەتەکانی داعشی تیرۆریستی لە شارەدێی رەشاد لە پارێزگای کەرکووک ئاشکراکرد، کە 8 بۆمبی چێندراو و بەرمیلێکی بۆمبڕێژکراو و بڕێکی دیکەی تەقەمەنی تێدا بوو."