لە کاتی گەڕانەوەی خێزانەکانى کەمپی هۆل بۆ عێراق لە یەکدی جیا ناکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکارى لە شێوازى گەڕاندنەوەى کەسوکارى چەکدارانى داعش دەکرێت لە کەمپى هۆل لە رۆژئاواى کوردستانەوە بۆ عێراق. وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، لەمەودوا "خێزانەکان لە یەکدی جیا ناکرێنەوە."
عەلى جیهانگير، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوى راگەیاند، بۆ کاروانى داهاتووى گەڕاندانەوەى کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆل بۆ کەمپى جەدعە لە موسڵ گۆڕانکارى کراوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاماژە بە گۆڕانکارییەکان دەکات و دەڵێت وەکو، ئاگادارکردنەوەى وەزارەتەکەیان بەر لە گەڕاندنەوەیان کە پێشتر لەگەڵ گەیشتنیان بە سنوورى عێراق، ئینجا ئاگاداردەکرانەوە؛ هەروەها لەمەودوا هیچ ئەندامى خێزانێک لە کەمپەکە بەجێناھێڵدرێت و پەرت ناکرێت وەک ئەوەى پێشوو هەبوو.
زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کەمپى هۆلن کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. کەمپەکە دەکەوێتە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە.
عەلى جیهانگیر گوتى: "نەگەڕاندنەوەى تەواوى ئەندامى خێزانەکان لە هۆل بۆ عێراق کێشەى بۆ دروستدەکردین، بەتایبەت دواتر کە لە کەمپى جەدعە لە دواى شیاندنەوەیان نەدەتوانرا خێزانەکان بگەڕێنینەوە زێدى خۆیان کە ئەندامیان لە هۆل بەجێهێڵدرابوون."
بڕیارە لە مانگى کانوونى دووەمى 2023، کاروانێکى دیکە لە خێزانە عێراقییەکانى کەسوکارى داعش، کە 150 خێزانن لە کەمپى هۆلەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ کەمپى جەدعە، لە دواى ئەوەى لە 4ى تشرینى دووەمى 2022 ئەو پرۆسەیە راگیرا بەمەبەستى پێداچوونەوە بە رێوشوێنەکاندا.
عەلى جیهانگیر گوتى: "بەهۆى خراپى کەشوهەواوە گەڕاندنەوەى ئەو خێزانانە دواکەوت، لە چەند رۆژى داهاتوودا بەدیاریکراوى وادەى گەڕانەوەیان دەزانین."
تائێستا حەوت کاروان لە خێزانەکانى داعش لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە کەمپى جەدعە لە نەینەوا، کە 920 خێزانن و لە 3749 کەس پێکهاتوون.