لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021 چی دەڵێن؟
رووداو دیجیتاڵ
لایەنە سیاسییەکانی عێراق کاردانەوەی جیاوازیان لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 هەیە، کە بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکات.
د. ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پشتیوانی دەکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاوپەیمانی سائیروون لەگەڵ چارەسەری دەستوورییە، نەک چارسەری سیاسیی، دەیانەوێت چارسەرێکی ریشەیی هەبێت نەک کاتی.
هەرێمی کوردستان ئەرک و مافی خۆی هەیە، بەپێی ماددە 111 دەستوور، سامانە سروشتییەکان موڵکی گشتی گەلن و دەبێت داهاتەکەی بەیەکسانی دابەشبکرێت، هەروەها بەپێی ماددەی 121 بڕگە 3ی دەستوور حکومەتی عێراق دەبێت پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات لەوانەش شایستە داراییەکانی.
پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون ئاماژەی بەوەکرد، هاوپەیمانی سائیروون لەگەڵ 12،67٪ی پشکی هەرێمی کوردستانن لە بودجەدا، بەڵام دەبێت رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەست بکرێت، هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان داتا و زانیاری بدات لەوانەش ژمارە و مووچەی فەرمانبەران، لەگەڵ ئەو چارەسەرەین تاوەکو یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان پەسند دەکرێت.
پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی عێراقدا 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینار دەبێت. پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی دیاری دەکرێت.
د. نەدا شاکر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هەرێمی کوردستان پابەندنی هیچ یەکێک لەو بەڵێن و رێککەوتنانە نەبووە، کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی فیدرالی کردوویەتی، بۆیە بەگشتی لە بەغدا دۆخەکە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە.
پەرلەمانتارەکەی نەسر،جەخت لەوەدەکاتەوە، خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق گوشاریان دروستکردووە و دەڵێن، هیچ لۆژیکی نییە، هەرێمی کوردستان نەوت رادەست نەکات و پشکیشی پێبدرێت، لەکاتێکدا پارێزگایەکی وەک بەسرە زۆربەی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت و داهاتەکەشی بەسەر تەواوی هاووڵاتیان عێراق دابەش دەکرێت.
بەپێی پرۆژە یاسای بودجە، دەبێت شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە 2014 تاوەکو 2020 یەکلایی بکرێنەوە. دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات و هەروەها دەبێت نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات.
موختار موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نابێت فەرمانبەران و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، باجی ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
موسەوی گوتی، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەو ناکۆکیانە دووربخرێتەوە، پێویستە میکانزمێک بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابنرێت، لە رێگەی بانکەوە راستەوخۆ حکومەتی عێراق بیداتە فەرمانبەران. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، پابەندبوونەکانی خۆی بەرانبەر بە حکومەتیی عێراق جێبەجێبکات.