لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بە گەڕاندنەوەی زەوی و موڵکی داگیراکراو کەوتە دوای سەری ساڵ
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان، دانیشتنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دوای سەری ساڵ هەڵگیرا و دەنگ لەسەر هیچ یاسایەک نەدرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڕیار رەشید بە رووداوی راگەیاند، "دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا بۆ دوای سەری ساڵ، واتا 9-1-2025."
بڕیاربوو، کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە، جارێکی دیکە دەنگدان بە پڕۆژەیاساکانی گەڕانەوەی موڵک بۆ خاونەکانیان، باری کەسی و لێبووردنی گشتی لە بەرنامەی کاردا بوو، لەگەڵ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای بودجە، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتی، "بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاساکە دواخرا و هیچ پڕۆژەیاسایەک دەنگی لەسەر نەدرا."
بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان لە 7 بڕگە پێکهاتبوو، کە دەنگدان بە پێنج پڕۆژەیاسا و خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا لەخۆدەگرێت، ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسیی کە داواکاریی سەرەکیی شیعەیە.
دووەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
سێیەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی کە داواکاریی سوننەکانە.
چوارەم: دەنگدان بە پرۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی.
پێنجەم: دەنگدان بە پێشنیازە پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت.
شەشەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی سێ ساڵە (2023-2024-2025). مادەی 12/ دووەم/جیم هەموار دەکرێتەوە، کە تایبەتە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
حەوتەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی