ئاگر لە کۆگەیەک و سێ هۆتێلى کەربەلا کەوتەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە کۆگەی بازاڕێک و سێ هۆتێلى شارى کەربلا کەوتەوە و چۆڵکران؛ تەرمى دوو کەس لەنێو کۆگەکە لەلایەن تیمەکانى بەرگریی شارستانى دەرهێندران کە بەهۆى ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدابوو.
رۆژی پێنجشەممە، 8ی کانوونى یەکەمى 2022، نەواس سەباح شاکرى، هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاگر لە کۆگەى بازاڕێکى شارى کەربەلا کەوتەوە و بەدوایدا سێ هۆتیلى دەوروبەرى بازاڕەکە گڕیان گرت، ئەوەش بەهۆى گەیشتنى ئاگرەکە بە تانکیى گازى موەلیدەکانی ئەو سێ هۆتیلە".
نەواس سەباح شاکر گوتی: "سەرجەم ئەو کەسانەى لە هۆتێلەکاندابوون رزگارکران، بەڵام ئێوارەى ئەمڕۆ لە لایەن تیمەکانى بەرگریى شارستانییەوە تەرمى دوو کەس لەنێو کۆگەی بازاڕەکە دەرهێندرانەوە کە بەهۆى ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدابوو".
هاوئاهەنگیکاری راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق گوتی، لێکۆڵینەوە لە هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە دەستیپێکردووە و ئەوەى رووداوەکەى گەورەتر کردووە، بوونى سەندووچ پەناڵ بووە کە زوو گڕ دەگرێت و پێچەوانەى رێنماییەکانى سەلامەتییە.