بانکی جیهانی پێشبینی دەکات تاوەکو 2050 عێراق 20%ـی سەرچاوە ئاوییەکانی لەدەستبدات
رووداو دیجیتاڵ
تادێت کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق زیاتر دەبن، ماسییەکان لەنێو دەچن و زەوییەکان زیاتر بە بیابان دەبن.ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە سەرۆککۆماری عێراقی گەیاندە 27ـەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتوەکان لە شەرم شێخی میسر.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، "بەبیابانبوون مەترسی لەسەر 40٪ـی وڵاتەکەمان دروستکردووە."
بانکی جیهانی پێشبینی کردووە تاوەکو ساڵی 2050، عێراق 20٪ی سەرچاوە ئاوییەکانی لەدەستبدات.
مەمونوور رەشید، بەرپرسی چالاکییەکانی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق نزیکەی 40 ملیۆنە و لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبێتە 60 ملیۆن، ئەو کات کێشەی ئاو بۆ عێراق دژوارتر دەبێت.
عەلی رەزا قورەیشی، نوێنەری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە عێراق دەڵێت، "لە هەندێک پارێزگا، وەکو دیالە هەروەها لە ناوچەی هۆرەکان، وەکو دەبینین دۆخەکەی زۆر دژوارە و سەتان خێزان کە کشتوکاڵیان دەکرد لە گوند و شارۆچکەکان، ناوچەکانی خۆیانیان بەهۆی کەمیی ئاوەوە جێهێشتووە و چوونەتە نێو شارەکان."
بەگوێرەی ئامارەکانی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، 828 ملیۆن کەس لە جیهاندا پێویستییان بە هاوکاریی خۆراکە. یەک لەسەر 10ـی جیهان شەوان بە برسێتی دەخەون هۆکاری سەرەکی ئەمەش گۆڕانی کەشوهەوایە. هاوکات یەک ملیۆن و 77 هەزار کەس کێشەی ئاسایشی خۆراکیان هەیە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030، 700 ملیۆن کەسیش لە تەواوی جیهاندا بەهۆی کەمیی ئاوەوە ئاوارە و پەنابەرببن.
لە ئەمساڵدا 7٪ـی جووتیارانی پارێزگاکانی زیقار و بەسرە و میسان بەهۆی کەمیی ئاوەوە زەوییەکانیان بەجێهێشتووە. ساڵانە 120 جار لە عێراق خۆڵ دەبارێت و پێشبینیی دەکرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا بەرزببێتەوە بۆ 300 خۆڵبارین لە ساڵێکدا.
جاران عێراق بە سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە دادەنرا، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022، عێراق 3.7 ملیۆن تۆن خۆراکی هاوردە کردووە، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ خراپیی کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە.