دوای ئازادکردنی نەینەوا زیاتر لە 11 هەزار نیڤشکان زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای نەینەوا کە شاری موسڵ سەنتەریەتی، دووەم پارێزگای عێراقە لەڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە لە دوای بەغدای پایتەخت، بەڵام لەڕووی زۆریی ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت یەکەمە. نزیکەی 26 هەزار نیڤشکان لە نەینەوا هەن و بنکەی بووژانەوەی جەستەییەکەی رۆژانە توانای وەرگرتنی دوو کەسی هەیە.
شاری موسڵ، لە ساڵی 2014 کەوتە دەست داعش، ماوەیەکی زۆر چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە شارەکەیان بەڕێوەبرد، دواتر کە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی دەستیپێکرد، داعش خەڵکی وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنا؛ شەڕی کۆنترۆڵکردنەوە درێژەی کێشا و ساڵی 2017 کۆنترۆڵکردنەوەی راگەیێندرا. ئەو شەڕە جگە لەوەی بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس لە موسڵ، هەروەها بووە هۆی ئەوەی هەزارانی دیکەش نیڤشکان بن کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بووژاندنەوەی جەستەیی نەینەوا داوا دەکات رێکخراوەکان یارمەتییان بدەن بۆ ئەوەی نیڤشکانی شارەکە زووتر و باشتر خزمەت بکرێن.
سەعدوڵڵا عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بووژاندنەوەی جەستەیی نەینەوا بە رووداوی گوت، "سەرەڕای ئەو گوشارەی لەسەرمانە، بەتایبەتیش لە دوای کشانەوەی خاچی سوور، بەڵام لە پێشکێشکردنی چارەسەری سرووشتی و راوێژکاریی بەردەوامین و خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان دەکەین."
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کارگەی دروستکردنی پەلی دەستکردی لە بەڕێوەبەرایەتیی بووژانەوەی جەستەیی موسڵ دامەزراندبوو، سەعدوڵڵا عەبدولعەزیز دەڵێت، "ئێستا ئێمە بەڕێوەی دەبەین و ئەو کشانەوەیەش کاریگەریی زۆری لەسەرمان هەیە."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی نەینەوا، "کشانەوەکە لەناکاو بوو. سەرەتا کارمەند و پێداویستییەکانیان کەمکردەوە، ئەوان ئێستا تەنیا لە هەولێر، بەغدا و ناسریە کاردەکەن. ئێمەش بەدەست کەمی پێداویستییەوە دەناڵێنین."
بۆ ئەوەی کارەکانی بنکەی بووژاندنەوەکە بەباشی بەڕێوەبچێت، سەعدوڵڵا عەبدولعەزیز دەڵێت، وەزارەتی تەندروستیی عێراق "بەڵێنی داوە کەرەستەمان بۆ دابین بکات، شاندێکی وەزارەتەکەش لێرەن و چاودێریی رەوشەکەمان دەکەن."
رێکخراوێکی قەتەری خۆیان پەیوەندییان بە بنکەی بووژانەوەی جەستەیی موسڵ کردووە کە پاڵپشتی و هاوکارییان دەکەن، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە "دواتر بێدەنگ بوون. هەر رێکخراوێک دەستی یارمەتی بۆ شارەکەمان و بنکەکەمان درێژ بکات. ئێمە سوپاسی دەکەین."
دوای پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوە موسڵ، ژمارەی نیڤشکانان وەک سەعدوڵڵا عەبدولعەزیز دەڵێت، "نزیکەی 11 هەزار و 200 کەس زیادیکرد. بەڵام ئەمانە هەموویان قوربانیانیی دەستی داعش نین، بەڵکو قوربانییانی رووداوەکانی هاتووچۆش کە ئەندامی جەستەیان لەدەستداوە، یان ئەوانەی بۆ نموونە بەهۆی نەخۆشیی شەکرە یان هەر هۆکارێکی دیکە پێویستە بەشێکی جەستەیان ببڕدرێت، لەگەڵ ئەو ژمارەیە تۆمارکراون."
سەرەڕای ئەو هەزاران کەسەی وەک نیڤشکان ناویان تۆمار کراوە، بەڕێوەبەری بنکەکە نایشارێتەوە "ئەوانەی ناویان تۆمارکراوە، هەموو نیڤشکانان نین، خەڵک هەیە تەنانەت گوێی لە ناوی بنکە و فەرمانگەی نیڤشکانیش نەبووە، لە ماڵی خۆی دانیشتووە بەبێ چارەسەر."
هەر کەسێک ناوی خۆی وەک نیڤشکان تۆمارکردبێت و ناسنامەی نیڤشکانیی پێدرابێت، لە بنکەی بووژاندنەوەی جەستەیی لە موسڵ دەتوانێت چارەسەری بێبەرامبەر وەربگرێت.
لەکاتی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەدەستی داعش، بونیاد عەبدولحوسێن، تەمەنی تەنیا شەش ساڵ بوو، کاتێک گوللـە هاوەنێک کەوتە نێو ماڵیان، بەوهۆیەوە قاچێکی لەدەستدا.
بونیاد، بە رووداوی گوت، "لە ساڵی 2017 قاچێکم لەدەستدا. لە بنکە تەندروستییەکان بەباشی مامەڵەم لەگەڵدا دەکرێت و کارمەندەکان زۆر باشن، بەڵام هەموو پێداویستییەکم بۆ دابین نەکراوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پەلی دەستکرد."
2017 ساڵێکی شووم بوو بۆ خێزانەکەی بونیاد کە ئێستا بووەتە مێرمنداڵ و تەمەنی 13 ساڵە.
کاتی رووداوەکە ماڵی بونیاد لە گەڕەکی هەرمات بوو لە بەشی راستی موسڵ، خانووەکەیان وەک خۆی دەڵێت، "وێران بووە، داوا دەکەین حکومەت بۆمان نۆژەنبکاتەوە."
هەر ئەو رۆژەی بونیاد قاچ و ماڵەکەیانی لەدەستدا، باوکی بردیە نەخۆشخانە، بەڵام هەمان رۆژ باوکیشی ون بوو و تائێستا بێ هەواڵە.
دایکی بونیاد باسی ون بوونی هاوژینەکەی دەکات و دەڵێت، "داعش رفاندی. تائێستا چارەنووسی نادیارە. ئێمە نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین باوکی بونیاد بێ سەروشوێن کراوە."
دایکی بونیاد کە لەسەر داوای خۆی ناوی بڵاوناکەینەوە، دەڵێت، "دوای سێ رۆژ لە چارەسەرکردنی کوڕەکەم، رێکخراوێک منداڵەکەمی بۆ گەڕاندمەوە."
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، لە 1ـی 6ـی 2023 لە بنکەی بووژاندنەوەی جەستەیی لە موسڵ کشانەوە، کە لەوێ پەلی دەستکردیان بۆ نیڤشکانان دروستدەکرد و پێشکێشیان دەکردن.
گەورەترین بنکەی بووژانەوەی جەستیی خاچی سوور لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێرە
ئەڤین یاسین، گوتەبێژی رێکخراوی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کار و چالاکییەکانیان لە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو کار و چالاکییەکانمان لە پارێزگای نەینەوا بەردەوامن، تەنیا بنکەی بووژانەوەی جەستەییمان داخستووە، هۆکارەکەشی ئەوە بوو، ئەو بنکەیە هەموو خزمەتگوزارییەکی پێشکێش نەدەکرد، تەنیا توانای دروستکردنی پەل لە ژێرەوەی ئەژنۆی هەبوو لەگەڵ چەند پارچەیەکی دیکەی بچووک."
سەبارەت بەو بنکەیەی بووژانەوەی جەستەیی خاچی سوور کە لە هەرێمی کوردستانە، ئەڤین یاسین باسی لەوە کرد، "بنکەکە دەکەوێتە هەولێر و لە هەموو شارەکانی عێراق دەتوانن سەردانمان بکەن، رۆژانە نیڤشکانان وەردەگرین و پێداویستییەکانیان دابین دەکەین."
پەلی دەستکردن لە موسڵ دروستدەکرێت؛ قاچێکی دەستکرد بە کەرەستەی تورکی ملیۆن و نیوێکی تێدەچێت
غانم محەممەد، زیاتر لە 23 ساڵە خاوەنی دەزگایەکی دروستکردنی دەست و قاچی دەستکردە و کارگەکەی لە موسڵە.
غانم سەبارەت بە نرخی پەلی دەستکرد و تێچووەکەی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بە جۆر و کەرەستەی جیاواز دروست دەکرێت. هەر بابەتێک بە نرخی خۆی؛ بۆ نموونە، قاچێکی دەستکرد لە ئەژنۆوە بەرەو خوارەوە ئەگەر بە کەرەستەی تورکی دروستی بکەین ملیۆنێک و 500 هەزار دیناری تێدەچێت، بەڵام ئەگەر کەرەستەکەی ئەڵمانی بێت، دوو ملیۆن و 500 هەزار تاوەکو سێ ملیۆن دیناری تێدەچێت."
کشانەوەی خاچی سوور لە نەینەوا کاریگەریی لەسەر کاری غانم کردووە و دەڵێت، ئەوانەی پێویستییان بە پەلی دەستکردە، لەدوای کشانەوەی خاچی سوور و داخستنی بنکەکە، دەچنە هەولێر بۆ دەستخستنی پەلی دەستکرد، "بەشێکی کەمیشیان ئەگەر ئەو کەرەستەیەی لە بنکە و دەزگاکانی حکومەت نەبێت، دەبێت لە دەرەوە بە پارە بۆ خۆیانی دابین بکەن."
لە بنکەی بووژانەوەی جەستەیی لە موسڵ، رۆژانە یەک بۆ دوو نەخۆش هەن و پێویستە نۆرەش بگیرێت
محەممەد قاسم، کارمەندی تەکنیکییە لە بنکەی بووژانەوەی جەستەیی لە موسڵ و باسی لەوە کرد، رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەی نەخۆشەکانیان بەرەو کەمبوونەوە دەچن، "بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو مانگە لیژنەی نێودەوڵەتیی رێکخراوی خاچی سوور کشاوەتەوە، کەرەستەی پێویست زۆر کەمبووە و پاڵپشتیی و هاریکارییەکانی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیی نەماوە."
بنکەکە ئێستا لە چاوەڕوانیی پاڵپشتیی وەزارەتی تەندروستیی عێراقە. محەممەد قاسم گوتی، "ئیدی هەر نەخۆشێک سەردانمان بکات، ناتوانین بە باشی خزمەتگوزاریی پێشکێش بکەین، بەهۆی ئەوەی کەرەستەکانی بەردەستمان زۆر کەمن."
پێشتر رۆژانە لەو بنکەیە پێشوازی لە نزیکەی 20 هاووڵاتیی نیڤشکان دەکرا و پێداویستییەکانیان دابیندەکران، بەڵام ئێستا بەگوتەی کارمەندە تەکنیکییەکەی بنکەی بووژانەوەی جەستەیی لە موسڵ "ئەوپەڕی رۆژانە کەسێک یان دوو کەس وەردەگرین. ئەگەر گوشاری زۆریشمان لەسەر بێت، دەگاتە حەوت کەس. ئەو کەسانەی سەردانمان دەکەن، ناویان دەخەینە نۆرەوە و کاتیان بۆ دیاری دەکەین تاوەکو ئەوکاتە سەردانمان بکەن کە کەرەستەمان پێدەگات."
بەپێی ئامارێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی بووژانەوەی جەستەیی لە نەینەوا، لە ساڵی 2022ـدا 25 هەزار و 954 کەسی نیڤشکان هەبوون کە لەو ژمارەیە 16 هەزار و 952ـیان لە رەگەزی نێرن و 9 هەزار و 2 کەسیان لە رەگەزی مێن.