وەزیرێکی حکومەتی عێراق: شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

 
رووداو - بەغدا

سەرۆک و سەرکردەی باڵای حیزبەکانی عێراق، جەژنی غەدیری شیعەکان، کە بە رۆژی دەستبەکاربوونی ئیمام عەلیی دەزانن وەکو خەلیفەی موسڵمانان، کۆیکردنەوە. لەو رێوڕەسمەدا وەزیرێکی حکومەتی عێراق دڵنیایی دا لەوەی کە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
 
زۆرترین قسەکانیان لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بوو لە عێراق، پەیامنێری رووداو لێی پرسین، "خەڵک لە کوردستان بێ مووچەن، کەی خەمێکیان لێدەخۆن و لەو دوودڵییە رزگاریان دەکەن؟"
 
لە وەڵامی پەیامنێری رووداو، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی، "وەکو حکومەتی فیدراڵی، بەگوێرەی بودجەی پەسندکراو کار دەکەین، لە یاساکەدا بڕیاردراوە کە چۆن لەبارەی شایستە داراییەکان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، هەربۆیە لە یەکێک لە بڕگەکانی یاسای بودجەدا هاتووە، ئەو شایستە داراییانەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت، مووچەی فەرمانبەران لە پێشینەی ئەو پارانە بێت، ئێمەش چاودێریی میکانیزمی خەرجکردنی دەکەین، چەند رێکارێکیش دانراون بۆ چاودێریکردنی ئەو پارانەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێن، بە دڵنیاییەوە گرنگترینیان مووچەی فەرمانبەران دەبێت."
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق رێنوێنیی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەربکات و وەزارەتەکانی دیکەش دەست بە جێبەجێکردنی پلان و خەرجکردنی بودجە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش هەر لەنێو ئەم هەفتەیەدا بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ دەستپێکردنی پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەپێی یاسای بودجە.
 
شێخ هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەڵێت، "سورین لەسەر ئەوەی دادپەروەری هەموان بگرێتەوە، هەموان خۆش بژین، لە کوردستان تاوەکو باشوور لە هەموو ناوچەیەک، ئەوەی گرنگە هاووڵاتیی عێراقییە، نەوتی خۆیەتی وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و پێویستە خۆش بژیت، ئەگەر ئاستەنگی لە گەیاندنی مووچە و پارەدا هەبێت، ئەوا پێویستە چارەسەر بکرێت و لە هۆکارەکەی بکۆڵدرێتەوە، پێموایە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەوت و چوارچێوە و پەرلەمانیش کراوەن بەڕووی ئەو بابەتانە، پشتیوان بە خودا هەنگاو بە هەنگاو ئەو کێشانە چارەسەر دەبن."
 
بەپێی ماددەی 12 لە یاسای بودجە، ئەو پارەیەی تەرخانکراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگە بۆ تەواوی ساڵی 2023 10 تریلیۆن و 867 ملیار دینارە، واتە مانگانە 906 ملیار دینار تەرخان کراوە.