لە بابل نۆ کەس بەتۆمەتى بەقاچاخبردنى 33 پارچە شوێنەوار دەستگیردەکرێن
رووداو - هەولێر
ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستگیرکردنى نۆ کەسی راگەیاند کە تۆمەتباربوون بە بەقاچاخبردنى 33 پارچە شوێنەوار لە سنوورى پارێزگاى بابل.
شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو نۆ کەسەى بڵاوکردەوە کە لە لایەن هێزەکانى ئاژانسى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆوە دەستگیرکرابوون.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بابل باندێکى حەوت کەسی دەستگیرکراون کە هەشت پارچە شوێنەواریان پێبووە و ویستوویانە بە قاچاخ بیانبەن.
لە ئۆپەراسیۆنێکى دیکەشدا لە هەمان پارێزگا، دوو کەسی دیکە دەستگیرکراون کە 25 پارچە شوێنەواریان پێبووە.
10 شوێنەوارى مێژوویی لە پارێزگای بابل هەن؛ دیارترینیان شارى مێژوویی بابل و بورسیبان.
سزاى بازرگانیکردن بە پارچە شوێنەوار لە عێراق زیندانیکردنە کە ماوەکەى لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ پێبژاردنى 100 هەزار دینار.