داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەبوغرێب راگەیاند
رووداو- هەولێر
داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەبوغرێب راگەیاند و بە درێژکراوەی هێرشەکانی بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە تەلسقۆف داناوە.
رێکخراوی داعش لە ماڵپەرەکانی تایبەت بەخۆی بڵاویکردووەتەوە، چەکدارێکیان بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی لە حوسێنییەکی شیعەکان تەقاندووەتەوە لە گوندی زەهەب ئەبیەس لە قەزای ئەبوغرێب-ی رۆژئاوای بەغدا.
داعش رایگەیاندووە، خۆکوژەکە ناوی "ئەبو یوسف ئەنساری"ـیە و، ئەو هێرشەش تەواوکەری هێرشەکانی دیکەیە، کە بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە تەلسقۆف و گوێڕ ئەنجامدراون، کە بەناوی "غەزوەی ئەبو عەلی ئەنباری" رۆژی 4ی ئەم مانگە ئەنجامدران.
ئەمڕۆ یەكشەممە 8-5-2016 لە تەقینەوەیەكدا لە ئەبوغرێب دوو کارمەندی پۆلیس کوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی رێگریان لە خۆکوژێک کردووە، کە هەوڵیداوە خۆی لە ناو پرسەیەکی گوندی زەهەب لە قەزای ئەبوغرێب-ی رۆژئاوای بەغدا بتەقێنێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری سەرەتایی تەقینەوەکەی بە 11 کوژرا و بریندار راگەیاندبوو، بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە و قەرەباڵغی شوێنەکە پێشبینی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانی کردووە.