وەزارەتی کارەبای عێراق: کار بۆ ئەوە دەکەین لە هاویندا زیاتر لە 12 کاژێر کارەبا بدەینە هاووڵاتییان

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، عێراق پێویستی بە نزیکەی 34 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام 24 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت و بەو هۆیەوە نزیکەی 10 هەزار مێگاوات کورتهێنانیان لە کارەبادا هەیە. دەشڵیت، ساڵانە بە بەهای نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار کارەبا لە کەرتی تایبەت دەکڕن، "کار بۆ ئەوە دەکەین لە هاویندا زیاتر لە 12 کاژێر کارەبا بدەینە هاووڵاتییان."
 
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رادیۆی رووداوی گوت، لە چوارچێوەی بودجەی بەکاربردن ساڵانە نزیکەی 17 تریلیۆن دینار بۆ سێکتەری کارەبا تەرخان دەکرێت و بەشێکی سەرەکیی ئەو بودجەیە، کە نزیکەی پێنج تریلیۆن دینارە، بۆ کڕینی کارەبا لە کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی کارەبا و کڕینی کارەبا لە دەرەوە دەچێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێکی بودجەی وەزارەتەکەیان بۆ چاککردنەوەی وێستگەکان تەرخان کراوە لەو کاتانەی گوشاری زۆریان لەسەر دەبێت، "ئێستا پلانێکی تۆکمەمان داڕشتووە لە وەرزی هاوین و گەرمادا ژمارەی کاژێرەکانی کارەبا زیاتر بکەین."
 
بەگوێرەی پلانەکەی وەزارەتی کارەبا، وەکو ئەحمەد موسا گوتی، لە 1ی ئایارەوە دەست پێدەکات و تاوەکو کۆتایی وەرزی هاوین بەردەوام دەبێت، "کار بۆ ئەوە دەکەین لە هاویندا زیاتر لە 12 کاژێر کارەبا بدەینە هاووڵاتییان. ئێستا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی و وڵاتێک رێککەوتن کراوە بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی سێکتەری کارەبا لە چوارچێوەی ئەو پلانە پێنج ساڵەی کە وەزارەتی کارەبا کاری لەسەر دەکات."
 
بە گوتەی ئەحمەد موسا، حکومەتی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات سەرچاوەکانی کارەبا لە عێراقدا فرەچەشن بکات؛ لەوانەش، سوود بینین لە تیشکی خۆر، بەکارهێنانی گازی هاوەڵی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و راکێشانی کارەبا لە ئوردن و سووریا و سعودیەوە.
 
لەبارەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە عێراقدا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی، ئێستا لەم وەرزەدا کە لۆدی زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا و وێستگەکان نییە، لەنێوان 20 بۆ 24 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان، "تەنیا لە کەرکووک و نەینەوا هەندێک کێشەمان هەیە لە وێستگەکانی کارەبا، بەڵام لە زۆرێک لە پارێزگاکان بە رێژەیەکی باش کارەبا دەدرێت هاووڵاتییان."
 
پاش رووسیا، عێراق پلەی دووەمە لە سووتاندنی گازی هاوەڵی دەرهاتوو لەگەڵ نەوتدا و، بەپێی پێویست سوود لەو گازە وەرنەگیراوە. عێراق رۆژانە نزیکەی 16 ملیار مەتر پێ سێجا گازی هاوەڵ بە خۆڕایی دەسووتێنێت، کە دەکاتە 0.5% لە بڕی رۆژانەی بەرهەمهێندراو لە جیهاندا. هاوکات عێراقی خاوەن 132 تریلیۆن پێ سێجای گازە، یەکێکە لە سەرەکیترین کڕیارەکانی گازی ئێران و رۆژانە 20 ملیۆن مەتر پێ سێجای گاز لەو وڵاتە هاوردە دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "داوامان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە کار بکرێت بۆ سوودبینین لە گازی کێڵگە نەوتییەکان و وەزارەتی نەوت بە جیدی کاری کردووە بۆ دابینکردنی وزە و گاز بۆ وێستگەکان، لەوانە وێستگەی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار دەبێتە یەکەم وێستگەی کارەبا بە گازی هاوەڵ لە ئاستی عێراق وزەی بۆ دابین دەکرێت و کێڵگەی حەلفا لە پارێزگای میسان کارەکانی بەرەو کۆتایی دەچێت ئەویش بە گازی هاوەڵ کار دەکات."
 
ئەحمەد موسا ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو بابەتی دابینکردنی وزە و سووتەمەنی بۆ وەزارەتی کارەبا چارەسەر نەکرێت، گرفتی کارەبا بەردەوام دەبێت، چونکە گرفتەکە ئەوەیە لە عێراق گازی هاوەڵ دەسووتێت و گاز هاوردە دەکرێت، پێویستە وەزارەتی نەوت سووتانی گازی هاوەڵ رابگرێت.
 
لەبارەی توانای وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش گوتی، "بەگوێرەی پلان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، عێراق توانای بەرهەمهێنانی 24 هەزار مێگاوات کارەبای دەبێت، بەڵام پێویستمان بە لانیکەم 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە و بەو هۆیەشەوە 10 هەزار مێگاوات کورتهێنانمان هەیە. وێستگەی کەرکووک، بەردەوامە لە کارکردن و سێ یەکەی وێستگەکە کار دەکات، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کار بۆ ئەوە دەکەین یەکەی چوارە و پێنجەمی وێستگەی کارەبای کەرکووک وەگەڕ بخەین."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی کارەبای فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی "زۆر باشدایە."
 
لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ کڕینی کارەبا تەرخان دەکرێت، ئەحمەد موسا گوتیشی، ساڵانە حکومەتی عێراق کارەبا لە چەند کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری کارەبا لە نێوخۆ دەکڕێت، لەوانە "قەیوان، کار، روبان سەفینە"، کە ساڵانە نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار کارەبا لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و هەرێمی کوردستان دەکڕێت.