لە کەرکووک داعش هەڕەشە لە کەمپی ئاوارەکان دەکات
رووداو - کەرکووک
لە کەمپەکانی کەرکووک رێوشوێنی ئەمنی تووند گیراوەتەبەر، هێزەکانی ئاسایش بەچواردەوری کەمپەکان بڵاوبوونەتەوە، چونکە داعش هەڕەشەی کردووە کردەوەی خوکوژی لەنێو ئاوارەکاندا ئەنجام دەدات، بەتایبەتی ئەو کەمپانەی ئاوەرەکانی حەویجە تێیاندا نیشتەجێن.
کاوە پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی لەیلان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ ئاوارەکان ئەوەیە: دەیانپارێزین، ئەوان هاتوونەتە لای ئێمە بۆیە لەسەرمانە بیانپارێزین. زانیاری هەیه داعش بەنیازە رەوشی ئەمنی ئەم ناوچەیە تێکبدات، ئێمەش لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش لە ئامادەباشیداین بۆ رێگەگرتن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.
داعش لەڕێگەی ئاوارەکانەوە بەردەوام چەکدارەکانی رەوانەی کەرکووک دەکات، بەڵام لەژێر دەستی هێزە ئەمەنیییەکان دەربازنابن و، هەرزوو ئاشکرایان دەکەن. لەماوەی شەش مانگی رابردووشدا 118 چەکداری داعش لەنێو ئاوارەکاندا دەستگیرکراون.
سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکانی کەرکووک دەڵێ ئێمە بۆ هەموو ئەگەرێک هێزمان هەیە، ئامادەین بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک، دەبێ هەموو شتێک چاوەڕێ بکەین، لەوانەیە ئەوان بیانەوێ زانیاری هەڵەبدەن، یان هەڕەشە بکەن، هەرچی شتە، ئەوان کردیان، بەڵام لە هیچیاندا سەرکەوتوو نەبوون، "زۆر شتیان کرد بەناوی عەمەلییەی نەوعی، بەڵام بوونە عەمەلی فاشیل".
زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی ناوچەکانی: حەویجە، دیالە، سەڵاحەدین، ئەنبار، بابل، بەغدا و نەینەوا ئێستا لە کەرکووکن، شەش کەمپیان بۆ دروستکراوە، ئەرکی پاراستنی دوو کەمپیان بەهێزەکانی ئاسایش، چوار کەمپەکەی دیکەشیان بە هێزەکانی پۆلیس سپێردراوە.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار