گواستنەوەى عێراق: بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتەکان بۆ سووریا لە گفتوگۆداین

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سووریا، لەگەڵ چەند لایەنێکی پەیوەندیدار لەنێویاندا وەزارەتی دەرەوە، لە گفتوگۆدان.
 
مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان عێراق و سووریا، گفتوگۆ لەگەڵ چەندین لایەنى پەیوەندیدار هەیە، لەوانە وەزارەتى دەرەوەى عێراق و کۆمپانیاى بەڕێوەبردنى فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانى بیمە."
 
7ـی کانوونى دووەمى 2025، دەسەڵاتى نوێى سووریا، ئاسمانى وڵاتەکەی بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانى وڵاتەکەی کردەوە، کە لەسەروبەندى رووخانى دەسەڵاتى پێشووى ئەو وڵاتە لە 8ـی کانوونى یەکەمى 2024، راگیرابوون.  
 
مەیسەم سافى گوتى: "هەر کات ئەنجامى ئەو گفتوگۆیانە دەرکەوتن لەبارەى کاتى دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سووریا، زانیارى بڵاودەکەینەوە".
 
پێش تێکچوونى دۆخى سووریا و هێرشی هێزەکانى سەر بە دەستەى تەحریر شام بۆ سەر دیمەشقى پایتەخت، مانگانە نزیکەى 40 گەشتی ئاسمانى لەنێوان فڕۆکەخانەى بەغدا و دیمەشق دەکران.