ئەمریكا مووشەكی 90 هەزار دۆلاری بە داعشەوە دەنێت
رووداو - گەیارە
كاتێك دەڕۆی بۆ شارۆچكەی گەیارە لە باشووری مووسڵ، هەست دەكەیت بەرەو كۆتایی دنیا هەنگاو دەنێی. هیچ شتێك لەبەر چاوت دیار نییە. دووكەڵی بیرە نەوتە سووتاوەكان ئاسمانیان رەش كردووە، گەردەلوولی خۆڵیش دەشت و تەپۆڵكەكانی دەوروبەری داپۆشیوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەسەر ئەو رێگایە بووم بەرەو ئەو بنكە ئاسمانییەی كە هێزی ئەمریكی و ئەندامانی دیكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی تێدا جێگیرە. دەبێت رێگایەكی درێژ و پڕ لە بازگە و چاڵ و چۆڵی بۆمب ببڕی تا دەگەیتە ئەوێ. لەبەر تۆز و دووكەڵیش تا نەگەیتە بەردەم دەروازەكەی، بنكە ئاسمانییەكە نابینی.
ئەم بنكەیە لە شوێنێكی ستراتیژیدایە. رژێمی پێشووی عێراق دروستی كردووە و لە 10 ساڵی رابردوودا چەندین دەستی گۆڕیوە، تاوەكو مانگی تەمووزیش لەژێر دەستی داعشدا بوو. لەو مانگەدا سوپای عێراق دووبارە كۆنترۆڵی كردەوە و زۆری نەخایاند ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان هاتن بۆ ئاگربارانكردنی داعش لەم بنكەیەوە.
ئەمریكییەكان لە هاوپەیمانانی دیكە سەرباز و شارەزای سەربازییان هێناوە بۆ ناو ئەم بنكەیەی گەیارە. ژمارەیان 800 كەسە. لێرەوە مووشەكێكی زۆر بەهێز و كوشندە دەنێن بە داعشەوە بەناوی هایمارس. بەپێی قسەی بەرپرسی یەكەی مووشەكهاوێژ تۆماس مۆریس، نرخی هەر دانەیەك لەم مووشەكانە 90 هەزار دۆلارە و لەكەمتر لە سێ مانگدا 290 دانەیان لەو مووشەكە تەقاندووە.
ژمارەیەك شارەزا كە راهێنانی تایبەتیان بینیوە بۆ بەكارهێنانی مووشەكی هایمارس، لەناو خێمەیەك لە نزیك لۆرییەكان دانیشتوون و چاوەڕێ دەكەن هاوپەیمانە كورد و عێراقییەكانیان لە دووریی 70 كیلۆمەترەوە لەناو شاری مووسڵ، ناونیشانی ئامانجەكانیان بۆ بنێرن تاوەكو ئەمانیش بیدەنە بەر مووشەك. باشیی ئەم مووشەكانە ئەوەیە كە دوورهاوێژن و ئامانجی خۆیان دەپێكن و بەپێچەوانەی بۆمبی فڕۆكەكانەوە، دەوروبەری خۆیان وێران ناكەن.
یەكێك لەو كەسانەی بە دەستی خۆی مووشەكی دەهاویشت، نەیسن وێجۆرسی تەمەن 20 ساڵی خەڵكی ویلایەتی جۆرجیا بوو. نەیسن دەیگوت زۆر دڵخۆشە بەوەی بەشدارە لە شەڕی دژ بە داعش، چونكە پێیوایە گرووپێك كە خەڵك سەردەبڕێ، مرۆڤ نین.
ئەم بنكەیەی گەیارە لەكاتێكی گونجاودا و پێش دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ كەوتە دەست سوپای عێراق و هاوپەیمانان. داعشیش بێگومان زۆر باش لە مەترسیی لەدەستدانی ئەم بنكەیە تێگەیشتووە، نەك وەك پێگەیەك، بەڵكو وەك ئەوەی دواتر دەبێتە سەرچاوەی مووشەك و بۆردومان لەدژی خۆی، وەك ئێستا دەیبینین. هەر بۆیە پێش هەڵهاتنیان، شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەكانیان وێران كردبوو.
عەقید ئالیسن هامڵتن گوتی "داعش شوێنی نیشتنەوەكانی وێران كردبوو، بە كۆمپرێسەر هەڵیكەندبوو، خەندقی تێدا لێدابوو، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەم بنكەیە بە كەڵكی بەكارهێنان نەیەت، بەڵام دیارە كە پلانەكەیان سەركەوتوو نەبوو، چونكە ئێمە چاكمان كردەوە و كردمانە بنكەیەكی ستراتیژی و لۆجیستی بۆ هاوپەیمانان و سوپای عێراق".
بە گوتەی عەقید بلەین بەیكەر، تیمێكی ئەندازیاریی ئەمریكی هاتوون و جگە لە شوێنی نیشتنەوەكان، چەند بەشێكی دیكەی بنكە وێرانبووەكەیان پاك كردەوە و سەنتەرێكی كۆماندۆ و كۆنترۆڵیان تێدا دامەزراندووە.
لە ناو بنكەكەدا كۆمەڵێك شارەزای بێسیم بەدەست و چاو لە لاپتۆپ، خەریكن رێنمایی دەدەنە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان. هەر لە بنكەكە كێشەی تەكنیكیی فڕۆكەش چاك دەكەن لەگەڵ بەخشینی سووتەمەنی و داگرتنی بارەكانیان.
ئەو كەسانەی لەم بنكەیەن لە جەنگی مەیدانیدا بەشدار نین و تەنیا بەشێكن لە راهێنان و رێنمایی سوپای عێراق دەكەن، بەشێكیش لەو كارەیان ئەوەیە كە رۆژێ لەرۆژان ئەم بنكە ئاسمانییە رادەستی سوپای عێراق بكەنەوە.
هەرچەندە لەم قۆناغەدا كەس نازانێت ئەم جەنگە چەند دەخایەنێت و لەدوای داعش چی روودەدات، ئاگری مووشەكەكان بەردەوام بەسەر داعشدا دەبارێن و وەك عەقید بەیكەر دەیگوت "ئەمریكاش ئامادەیە تا ئەوكاتەی پێویست بكات لێرە بمێنێتەوە و لە دژی داعش و هاوشێوەكانی بجەنگێ".