لە بەغدا هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەکوژرێت و ئەفسەرێکی کەنەدیش گیان لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ 

شەوی دووشەممە، 7-11-2022 هاووڵاتییەکی ئەمریکی لە بەغدا کوژراوە. هاوکات هێزەکانی کەنەداش بڵاویان کردەوە کە ئەفسەرێکیان کە لە بەغدا کاری کردووە، رۆژی شەممە گیانی لەدەستداوە. 
 
هێزە چەکدارەکانی کەنەدا لە راگەیێندراوێکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویان کردەوە لەبارەی ئەو ئەفسەرەیان دەڵێت: ناوی کاپتن ئێریک چیونگ ـە و رۆژی شەممە لە دەرەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە بەغدا گیانی لەدەستداوە. 

هێزەکانی کەنەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە دۆخەکە و هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا ناکەن تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
 
ئەو ئەفسەرەی سوپای کەنەدا وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە عێراق وەکو ئەفسەری جێبەجێکار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش کاری کردووە. 

 

 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو هاووڵاتییە ئەمریکییەکەش ناوی ستێفن ترۆیل ـە و بۆ رێکخراوێکی سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەناوی ریلیف کاری کردووە و مامۆستای زمانی ئینگلیزیش بووە. ئەمشەو لە شەقامی پیشەسازی لە ناوچەی کەڕادە کوژراوە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە شوێنی کوشتنی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە قسەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کرد، ئاماژەی بەوەدا، پێیان راگەیاندووە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە. هێزەکان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و چەند کەسێکیشیان دەستگیرکردووە.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەزیری ناوخۆی راسپاردووە تاوەکو لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتنی هاووڵاتییە ئەمریکییەکە پێکبهێنێت.