وەزارەتی پەروەردە: دوو ملیۆن عێراقی چوونەتە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێت، دوو ملیۆن عێراقی چوونەتە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆئەوەی خۆیان فێری خوێندن، نووسین و خوێندنەوە بکەن.
کەریم سەیید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رۆژی شەممە 07-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی دەزگای جێبەجێکردنی نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە هەنگاوی گەورەی ناوە.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە 2011ەوە زیاتر لە دوو ملیۆن نەخوێندەوار لە عێراق لە 1250 بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەوار خوێندوویانە و فێری خوێندنەوە و نووسین بوون.
کەریم سەیید دەڵێت، ئەو بنکانە خزمەتگوزاریی فێرکردن پێشکێشی ئەوانە دەکەن کە دەرفەتی خوێندنیان لە دەستداوە بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین بن، لەگەڵ خوێندنی پیشەیی بۆ ژنان و کچان وەک بەرگدووری و چنین و پیشەی دیکە.
رۆژی هەشتی ئەیلوول رۆژی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە لە عێراق.