وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 18 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل ماون
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی عێراقی نیشتەجێی کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 18 هەزار عێراقی لەو کەمپەدا ماون.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارە بەمنزیکانە ژمارەیەکی دیکە لە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە کە 150 بۆ 160 خێزان دەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتیشی، "ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەکە کراوە، بەڵام تاوەکو رۆژی گەڕانەوەیان دیار نییە."
عەلی عەباس باسی لەوەش کرد، "هێشتا نزیکەی 18 هەزار عێراقی لە کەمپەکەدا ماون؛ نزیکەی 4500 بۆ 5000 خێزانیش گەڕێندراونەتەوە."
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان و لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)ـدایە. بەشێکی زۆری نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
ئەو خێزانە عێراقییانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا کە ساڵی 2021 دروستکراوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 42 هەزار کەسی خەڵکی وڵاتانی جیاواز لە کەمپی هۆلن کە گەورەترین کەمپە بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش دروستکرابێت.