هاوپەیمانی نیشتمانی: چاوەڕوانی شاندی کوردستانین بێنە بەغدا
رووداو- بەغدا
بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان رایدەگەیێنێت، شاندی هاوپەیمانی چاوەڕوانی چوونی شاندی دانوستاندنی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەغدا، بەر لەچوونی شاندەکەیان بۆ هەولێر.
عەبدوڵڵا زەیدی، بەرپرسی دۆسیەی کورد لە هاوپەیمانی نیشتمانی، رایگەیاند " لەپێناو دڵنیابوون لە خواستی هەرێمی کوردستان لە درێژەدان بە دانوستاندنی نێوان هەردوولا، بەتایبەتی دوای ئەو لێدوانانەی دوایی بەرێز مەسعود بارزانی و هەروەها بڕیاری پارێزگاری کەرکووک بۆ بەشداری پارێزگاکە لە گشتپرسی، لەبەرئەوەش پێمان باشتربوو شاندی هاوپەیمانی نیشتمانی چاوەڕوانی هاتنی شاندی دانوستاندنی هەرێمی کوردستان بکات بۆ بەغدا بەر لەچوونی شاندی ئێمە بۆ هەولێر".
ئەم لێدوانەی ئەو بەرپرسە باڵایەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان دوای ئەوەدێت، کە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە مانگی رابردوو بەمەبەستی دانوستاندن سەبارەت بە گشتپرسی سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوە.
بڕیارە 25-9-2017 لە باشووری کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشەوە ، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەبچێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان