دەستپاکیى عێراق: 26 موڵکى کۆمپانیایەک لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە


رووداو دیجیتاڵ
   
دەستەى دەستپاکیى عێراق داوا دەکات 26 موڵکى کۆمپانیاى گشتیى کارگێڕیى گواستنەوەى تایبەت بگەڕێندرێنەوە کە بەپێی دەستەکە لە پارێزگانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
ئەو دەستەیە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، ئەو 26 موڵکە زەوى و گەراج و خانوون، داواش دەکات بگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە. 
 
ئیبراهیم میرانى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى گواستنەوە و پەیوەندییەکانى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، ئەو موڵکانە بەشێکیان دراونەتە کەرتى تایبەت و بەشێکى دیکەیان گرێبەستیان لەسەر کراوە. ئەو دەستبەرداگرتنە هەندێک لە موڵکەکانى سەر بە کۆمپانیاى گشتیى هێڵى ئاسنینی-شی گرتووەتەوە و ئەو هەنگاوەى دەستەى دەستپاکى لەسەر داواکاریى لیژنەکەیان بووە. 
 
کۆمپانیاى گشتیى بەڕێوەبردنى گواستنەوەى تایبەت سەر بە وەزارەتى گواستنەوەیە. ئەرکى رێکخستنى هۆکارەکانى گواستنەوەى گشتییە کە پاس و تاکسی دەگرێتەوە.
 
رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق دەڵێت، ئەو 26 موڵکەیان لەلایەن چەند لایەنێک و فەرمانگە حکومییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، چەندین نووسراویان کردووە بۆ ئەوەى بگەڕێندرێنەوە بۆ کۆمپانیاى گشتیى کارگێڕیى گواستنەوەى تایبەت.
 
ئیبراهیم میرانى گوتى: "ئەوەى پەیوەندیدار بێت بە موڵکەکانى کۆمپانیاکە لە هەرێمى کوردستان جیاوازە و لە دۆخێکى دیکەى بەر لە ساڵى 1991 بووە".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى گواستنەوە، وەزارەتەکە زیاتر لە 2500 موڵکى هەیە کە پێکهاتوون لە گەراج، بازاڕ و ناوەندى تەندروستى.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاندووە، کۆمپانیاکە شوێنێکى بە کرێى ساڵانەى 150 ملیۆن دینار بە کرێ گرتووە، لە کاتێکدا باڵەخانەیەکى لە گەراجى نەهەزى بەغدا هەیە و تازە دروستکراوە کە 23 ملیار و 354 ملیۆن 355 هەزار دینار تێچووەکەى بووە. 
 
لەو بەدواداچوونەدا دەستەکە راپۆرتێکى لەسەر ئەو کۆمپانیایە ئامادەکردووە و ئاراستەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێرق و لیژنەى گواستنەوەى پەیوەندییەکانى پەرلەمان و هەردوو وەزیرى گواستنەوە و ناوخۆی کردووە.
 
بەگوێرەى راپۆرتەکە، سەرجەم دەروازە ئەلیکترۆنییەکان کە لە گەراجى بەغدا و پارێزگاکانى دیکە دروستکراون لەکار کەوتوون، ئەگەرچى هەشت ملیار و 511 ملیۆن دیناریان تێچووە.
 
یەکێکى دیکە لەو پرسانەى لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە کراوە، تابلۆى رێکلامى کۆمپانیاى بەڕێوەبردنى گواستنەوەى تایبەتە کە بە گرێبەستێک دروستکراوە و یەک ملیار و 964 ملیۆن دینارى تێچووە، بەڵام داهاتەکەى تەنیا 19 ملیۆن دینار بووە.