مووشەکەکان لە نزیک مزگەوتێکی شارۆچکەی بەغدادی بە ئاراستەی عەین ئەسەد تەقێندراون

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 07-07-2021 بە 14 مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار.شەرحەبیل عوبێدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی دەڵێت، مووشەکەکان لە نزیک مزگەوتێکی شارۆچکەکە تەقیندراون و لەنێو بارگەڵگرێک بووە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی باسی ئەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو رووداوە کەس دەستگیرنەکراوە بەڵام دۆزینەوەیان ئاسانە. هەروەها دەڵێت بەپێی شایەتحاڵەکان دوای تەقاندنی مووشەکەکان چەند مووشەکێک لە نزیک ئەو شوێنە کەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان بە مزگەوتەکە و خانوویەکی دەورووبەری گەیاندووە.
 
وەین مۆرۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتەر رایگەیاند، "بە 14 مووشەک هێرشکراوەتەسەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد. مووشەکەکان لەنێو بنکەکە و چوارچێوەکەی کەوتوونەتە خوارەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ شەرحەبیل عوبێدی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی 
 
رووداو: چ زانیارییەکتان لایە لەبارەی ئەو هێرشەی لە شارۆچکەی بەغدادی ئەنجامدرا؟ 
 
شەرحەبیل عوبێدی: سڵاوتان لێبێت، كاژێر 12:30ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی بەغدادی بارهەڵگرێكی گەورە کۆنتەینەرێکی گەورەی باركردبوو لەنێویدا ئارد هەبوو. لە نزیك یەكێك لە مزگەوتەكانی شارۆچكەی بەغدادی لە ناوچەی موئەسسەسە رایگرت. دوای چەند خولەكێك خەڵكی ناوچەكە پێیان سەیربوو کە مووشەك لەنێو ئەو بارهەڵگرەدا تەقێندرا و ئاراستەی بنكەی عەین ئەسەد كرا. نزیكەی 14 مووشەكی تەقاند. سەرجەمیان بەرەو بنكەی عەین ئەسەد ئاراستەكران. خەڵكی بەگومانن ئاخۆ بنكەی عەین ئەسەد وەڵامی دابێتەوە و مووشەكی ئاراستەی شوێنی هەڵدانی مووشەكەكان كردبێت یان مووشەكەكانی نێو بارهەڵگرەكە تەقیبنەوە و زیانیان بە خەڵكی دەوروبەر و مزگەوتەكە و خانووبەرەكانی نزیك لەو ناوچەیە گەیاندبێت، چونکە ئاگر لە شوێنەكەش كەوتەوە و خانوویەك سووتا. دەستبەجێ قارەمانانی ئاگركوژێنەوە گەیشتنە شوێنەكە و ئاگرەكانیان کوژاندەوە. 
 
رووداو: لەم رووداوەدا کەس دەستگیرکراوە؟ 
 
شەرحەبیل عوبێدی: نەخێر، نەخێر، كەس دەستگیرنەكرا.
 
رووداو: ئەو کەسەی بارهەڵگرەکەی هێناوەتە شارۆچکەی بەغدادی، لە دەرەوە هێناویەتی یان هەر لەناو شارۆچکەکەدا بووە؟ 
 
شەرحەبیل عوبێدی: لە راستیدا ئەمە كاری هێزە ئەمنییەكانە و رێكارە ئەمنییەكانیان گرتەبەر و لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكرێت و تۆماری كامێراكانی چاودێری لە ناوچەكە، لە خاڵەكانی پشكنین و لە رێگەكان وەرگیراوە و ئیدی خۆیان دەزانن كە ئەو بارهەڵگرە لە كوێوە و كامە ئاراستە هاتووەتە ئەو شوێنە. 
 
رووداو: زانیاریتان هەیە کام گرووپ ئەم کارەی ئەنجامداوە؟ شایەتحاڵ هەبووە ئەو کەسەی بینیبێت یان ناسیبێت؟ 
 
شەرحەبیل عوبێدی: لە راستیدا سەرباری ئەوەی نازانرێ كێ ئەم كارەی كردووە، بەڵام سەركۆنەی تووندی دەكەین بەوەی مووشەك لەنێو خەڵكی بێتاوانەوە هەڵدراوە، جا بە هەر ئاراستەیەك بێت. ئەم كردەوەیە بووە دروستبوونی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری خەڵك. لە راستیدا خەڵكی وەڵامی زۆر تووندیان هەبوو. بۆ نموونە، چەند خێزانێك دەستبەجێ دووركەوتنەوە و ماڵ و حاڵیان جێهێشت، بەهۆی بەهێزی تەقینەوەكە و كاریگەریی لە ناوچەكە. هەروەها كاتی هێرشەكە مایەی سەرسووڕمان بوو؛ لەكاتی نیوەڕۆ دەستبكرێت بەم کارە بێ ئەوەی كەس تێبینی بكات، بارهەڵگرەكە چووە نێو شارۆچكەی بەغدادی و کارەکەی ئەنجامدا. پێویستە پشت بە گرتەكانی كامێراكانی چاودێری ببەسترێت بۆ ئەوەی بزانرێت لە كوێوە هات و چۆن رێگەی پێدرا بچێتە نێو شارۆچكەكە و كێ ئاسانكاری بۆ كردووە. 
 
رووداو: زیانەکان چی بوون؟ گوتەبێژی هاوپەیمانان میوانم بوو پێی راگەیاندم، وەڵامی هێرشەکەیان نەداوەتەوە بۆ سەر ئەو شوێنەی کە لێیەوە مووشەکەکان ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کرابوون؟ ئێوەش دەڵێن نازانن کێن مووشەکەکانیان تەقاندووە، زانیارییەکان چین لەبارەی زیانەکان؟ 
 
شەرحەبیل عوبێدی: زۆربەی شایەتەكان خەڵكی ناوچەكە و كەسانی بەساڵاچوو و گەنجان بوون؛ ئەوان دەڵێن، دوای ئاراستەكردنی مووشەكەكان، چەند مووشەكێك لە نزیك و دەوروبەری بارهەڵگرەكە كەوتنە خوارەوە و تەقینەوە. بۆیە پێدەچێت هاوپەیمانان نكۆڵی لە وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەكییەكە بکەن بۆ ئەوەی قەرەبووی زیانەكان نەكەنەوە. هەروەها بەشێكی دیكەی شایەتەكان دەڵێن، چەند خولەكێك دوای تەقاندنی مووشەكەكان لەنێو بارهەڵگرەكەوە، مووشەك ئاراستەی هەمان ئەم شوێنە كراوە. سوپاس بۆ خودای گەورە، زیانی گیانی لێنەكەوتەوە، تەنیا زیانی ماددی هەبوو. ئەوەی كە من ئاگاداربم هاووڵاتییەك بەسووكی برینداربووە، بەڵام کاریگەریی دەروونی زۆری بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە هەبووە. خەڵكی شارۆچكەی بەغدادی كەسانی سادە و بێوەن و لەگەڵ هەموو كەسێك جوامێرانە مامەڵە دەكەن و جگە لە مافی سرووشتیی خۆیان هیچ داوایەكیان نەبووە. هەڵدانی مووشەك لەلایەن گرووپێكەوە لەنێو شارۆچكەی بەغدادی، خەڵكەكەی تووشی ترس و دڵەڕاوكێی زۆر كردووە. ئێمەش بەرپرسیارین لە ئاسایشیان، واتە سوپا، پۆلیس، هێزە ئەمنییەكان بەهەموو پێكهاتەكانیانەوە تاكە خەمیان ئەوەیە سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزرێت و سنوورەكە پارێزراو بێت لە دزەكردنی هەر جۆرە گرووپێكی تیرۆریستی داعش و هاوشێوەكانی.