بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد مووشەکباران کرا


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ چوارشەممە 07-07-2021 بە 14 مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار. گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس بە سووکی بریندارن".
 
واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتەر رایگەیاند، "بە 14 مووشەک هێرشکراوەتەسەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد. مووشەکەکان لەنێو بنکەکە و چوارچێوەکەی کەوتوونەتە خوارەوە. هێزی بەرگریی چالاککراوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ کەس بە سووکی بریندار بوون و چارەسەردەکرێن."
 
پێشتر سەرچاوەیەکی باڵا لە ناحیەی بەغدادی سەر بە پارێزگای ئەنبار کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکە بەر ئەو بەشەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کەوتووە کە هێزە عێراقییەکانی تێدایە و یەکێک لە مووشەکەکان بەر مزگەوتێک کەوتووە، دوو ماڵی دیکەش کە شوێنی حەوانەوەی هێزە عێراقییەکانە زیانی بەرکەوتووە. 
 
هەروەها ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە، تەقیوەتەوە.
 
هەفتەی رابردوو هێرشێکی دیکە کرابووە سەر بنکەکە، لەو کاتەدا عەقید واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە رایگەیاند: بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە مووشەک بۆردوومان کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی لێنەکەوتەوە.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندەین جار بنکەی عەین ئەسەد و بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کرانە ئامانج و زیانیان لێکەوتەوە، لە دوا پێشهاتیشدا کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمریکی کە لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد فڕۆکەکانی ئێف 16ی چاکدەکردەوە و نۆژەنی دەکردەوە هەموو کارمەندانی خۆی لە بنکەکە کشاندەوە، ئاشکراشی کرد ئەو هەنگاوەمان بۆ پاراستنی سەلامەتی کارمەندانمانە.
 
بەردەوامی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکان کە هێزەکان یان بەڵێندەر و کارمەندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکانیان تێدایە، هاوکاتە لەگەڵ تۆمەتبارکردنی یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراقی و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەی شیعە و نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.
 
بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن؛ ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە عێراق 2500 سەربازە.