بەهۆی هێرشی گرووپی چەکدارەوە تائێستا لە عێراق 10 براندی ئەمریکی داخراون و نەکراونەتەوە
رووداو - بەغدا
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پێنج جار هێرش کراوەتە سەر خواردنگە و براندە ئەمریکییەکان لە بەغدا. بەهۆیەوە هێزێکی زۆری ئەمنی بە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە، بەتایبەتی لەو شەقام و گەڕەکانەی ئەو خواردنگە و براندە ئەمریکییانەی لێن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، ژمارەیەک کەسیان لەسەر ئەو هێرش و رووداوانە دەستگیر کردووە، بەڵام هێشتا ناوی هیچ کەس و لایەنێکیان نەهێناوە.
بەهۆی هێرشی ئەو گرووپانەوە تائێستا لە بەغدا و عێراق بەگشتی 10 خواردنگەی براندە ئەمرییەکییەکان داخراون و هێشتا بە داخراوی ماونەتەوە.
مورتەزا جاسم، دووکاندار دەڵێت، "لێرە لەم شوێنەدا هێرشەکە کرایە سەر ئەم خواردنگەیە؛ بەڵام ئێستا باشە هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە، وەکو دەبینن کێشە نەماوە، بۆئەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە پێمان باشە ئەم هێزانە لێرە بمێننەوە، بە مانەوەی ئەمان ئێمەش پارێزراو دەبین، ئەو رۆژە لە کاتی هێرشەکەدا تەقەیەکی زۆر کرا، بە هەڕەمەکی تەقەیان دەکرد. لەوانەیە لە هەر کاتێکدا بێت کەسێک بکوژرێت."
بەشێکی زۆری ئەوەی روودەدات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە نییە. عەلی کازم، دانیشتووی بەغدا دەڵێت، "تەنیا داوامان لە حکومەت ئەوەیە چەک لای دەوڵەت بهێڵێتەوە، بۆئەوەی بە پارێزراوی بمێنینەوە. بەڕاستی ترسمان لە نەوەی نوێ هەیە، تازە ئێمە کاتمان تێپەڕی. بەداخەوە نەیانتوانی ئاسایشمان بپارێزن؛ بەڵام با بۆ نەوەی نوێی بکەن، با بەم شێوەیە چەک نەبینن و دووربن لەو دۆخە. ئێستا تۆ کە دەڕۆیت بۆ کوردستان، دەتوانیت چەک هەڵگریت؟ نەخێر ناتوانیت، زۆر ئەستەمە، لەوێ کەس لە دەرەوەی یاسا چەک هەڵناگرێت. تەنیا لێرە لە بەغدا وایە، پێشێلکاریی ئەمنی روودەدات، بەڵام ئیدی پشتیوان بە خوا حکومەت بە بەهێزی دەگەڕێتەوە و چەک کۆنترۆڵ دەکات، تەنیا لە دەستی دەوڵەت."
لە ماوەی دوو هەفتەدا لە بەغدا لەلایەن چەند گرووپێکەوە کە بەشێک لە گرووپە چەکدارە شیعییەکان پشتیوانییان دەکەن، وەکو هاوسۆزییەک بۆ غەززە، هێرش کراوەتەوە سەر براندە ئەمریکییەکانی خواردنگەکانی کەی ئێف سی، کیلی هاوس و چوکلێت بار و پەیمانگەی کەیمبریج و کۆمپانیای کەتەر بەلەر.