لە بەغدا هێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لە براندە ئەمریکییەکان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە بەغدا لە دوو هەفتەی رابردوو چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک خواردنگە و براندێکی ئەمریکی لەوانەش "کەی ئێف سی و لییز"، بۆ پاراستنی براندەکانیش هێزێکی ئەمنی بە شەقامەکانی بەغدا بڵاوکراونەتەوە.
 
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند: "رۆڵی هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی ئاشتیی شوێنە گشتییەکان و هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات و هەروەها پاراستنی دامەزراوە ئابوورییەکان گرنگە. هەر بۆیە دەستمانکردووە بە کاری گەورە بۆ پاراستنی ئامانجەکانمان و وەبەرهێنانمان لە پاڵ دەستکەوتە حکومییەکان، بەتایبەتی ئەو حکومەتە کە دەستیکردووە بە گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە بواری رێگەوبان و پڕۆژەکان."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ژمارەیەک خەڵکیان بە تۆمەتی هێرشەکان دەستگیرکردوون. هەندێک لە تۆمەتبارەکان رایانکردووە و هێزە ئەمنییەکان بەدوایانەوەن. بەرپرسانی ئەمریکیش گوماندەکەن چەکدارانی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵڵا لە پشت ئەم هێرشانەوە بن.
 
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت: "رێگە نادەین هەڕەشە لە ئاشتی شوێنە گشتییەکان دروستبکرێت و رووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە کێشە بۆ ئاسایش و سەلامەتی وڵات دروست دەکەن."
 
بە گوێرەی ماددەی 4ی یاسای بنبڕکردنی تیرۆر، ئەوانەی دەستگیرکراون سزاکەیان بەندکردنی هەمیشەییە یاخود لەسێدارەدانە.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دان بەوەشدا دەنێت: کە "هەندێک لەو تۆمەتبارانە سەر بە هێزە ئەمنییەکان بوون. ئەو کارانەیان کردووە گوایە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیێنن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی ئەو هێرشانەوە گوتی، "ئەم هێرشانە زیانگەیاندننە بە عێراقییەکان"