خانەنشینكراوانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق 204 ملیار دیناری بودجەی ئەمساڵ دەبەن
رووداو - هەولێر
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، مووچەی ئەندامانی خولی سێیەمی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە كەركووك پاش خانەنشینكردنیان كە بڕیارە پێش كۆتایی ئەمساڵ خانەنشین بكرێن، لە بودجەی 2013ی عێراق دەگاتە 204 ملیار دینار.
نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند "ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەر 12 پارێزگاكەی عێراق كە لە 20ی نیسانی رابردوو هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدرا، بە ئەندامانی ئەنجوومەنی هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەواوە 437 ئەندامە و مووچەی ئەو ئەندامانە پاش خانەنشینكردنیان كە بڕیارە پێش كۆتایی ئەمساڵ خانەنشین بكرێن، لە بودجەی گشتی ساڵی 2013ی عێراق دەگاتە 204 ملیار دینار".
گوتیشی "مووچەی خانەنشینكراوانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هاوشێوەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە دوو سەرچاوەوە دابین دەكرێ، یەكەمیان سەندوقی خانەنشینكراوانە كە لە بڕینی 14%ی مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان داهاتی بۆ دابیندەكرێ و دووەم سەرچاوەش بودجەی گشتی عێراقە".
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها گوتی "بەپێی یاسای كەمكردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەكان لە عێراق، ژمارە 27ی ساڵی 2011، هەر ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، پاش خانەنشینكردنی لە نێوان 30 بۆ 80%ی مووچەكەی بۆ خەرجدەكرێ بەپێی خزمەتی لە یەكێك لە دەزگاكانی دەوڵەت، لە كاتێكدا ئەو ئەندامانە سەرپشكن لەوەی بگەڕێنەوە سەر ئەو وەزیفەیەی پێش هەڵبژاردنیان كاریان تێدا كردووە، یاخود خانەنشین بكرێن و لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ سەر وەزیفەی پێشتریان ساڵانی كاریان بە خزمەت بۆ دەژمێردرێ".
نەجیبە نەجیب باسی لەوەش كرد كە "لە پاش ساڵی 2003وە ئەندامانی دوو خولی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە كەركووك و هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق خانەنشینكراون"، راشیگەیاند "سەرەڕای هەمواركردنەوەی یاسای مووچەی سێ سەرۆكایەتییەكە و فەرمانبەرانی پلە تایبەتەكان، بەڵام خانەنشینكراوانی پلە تایبەت ساڵانە بەشێكی گەورەی بودجەی گشتی عێراق دەبەن".
لەلایەن خۆیەوە تاڵب محەممەد حەسەن، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە (رووداو)ی راگەیاند "مووچەی هەر ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگا لە عێراق 3 ملیۆن و 250 هەزار دینارە بە دەرماڵەوە، بەڵام لە پاش خانەنشینكردنی 80%ی مووچەكەی بۆ خەرج دەكرێ، واتا نزیكەی 2،5 ملیۆن دینار".
ئاماژەشی كرد "ئەوەی دادپەروەرانە نییە لە مەسەلەی خانەنشینكردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا ئەوەیە كە كەسێك پاش 4 ساڵ خزمەت بەمووچەی فەرمانبەرێكی خاوەن خزمەتی 30 ساڵ خانەنشین دەكرێ".