لە 36 ناوچەى عێراق و هەرێمى کوردستان سەرژمێریی ئەزموونى دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 36 ناوچەى عێراق و هەرێمى کوردستان سەرژمێریى ئەزموونیى دانیشتووان دەکرێت، بەر لەوە سەرژمێرکاران بۆ ئەزموونێک دەبرێنە دوو ناوچەى بەغدا.
وەزارەتى پلاندانانى عێراق 20ى ئایارى 2024ی دیاریکردووە بۆ ئەنجامدانى سەرژمێریى ئەزموونیى دانیشتووان. عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى ئەو وەزارەتە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو ئەزموونە لە پارێزگاکانى عێراق و سێ پارێزگاى هەرێمى کوردستان دەکرێت، لە هەر پارێزگایەک دوو ناوچەى گوند و شارنشین دیاریدەکرێت و سەرجەم رێکارەکانى سەرژمێریى تێدا تاقی دەکرێتەوە."
ئەو سەرژمێرییە ئەزموونییە بۆ خۆئامادەکردنە بۆ سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان لە 20ى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ، کە یەکەمجارە لەدواى 37 ساڵ لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئەو پرۆسەیە بکرێت.
عەبدولزەهرە هنداوى ئاماژەى بەوە دا ئامانج لەو سەرژمێرییە ئەزموونییە تاقیکردنەوەى ئامێرى ئەلیکترۆنیى سەرژمێری و گواستنەوەى زانیارییەکان و زانینى ئاستى تواناى سەرژمێریکارانە.
لە 1ى ئایارەوە سەرژمێریکاران لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان مەشقیان پێدەکرێت لەسەر چۆنێتى ئەنجامدانى ئەو کارە، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانان گوتى، "کۆتایی ئەم هەفتەیە هەموویان دەبرێنە بەغدا تاوەکو لە دوو ناوچە ئەزموونى سەرژمێرییان پێ بکرێت."
زیاتر لە 120 هەزار سەرژمێریکار بەشدار دەبن لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان، کە جگە لە ژمارەى دانیشتووان، زانیاریی دیکە لەبارەى خێزانەکان و خانووەکان وەردەگیرێت.