عادل عەبدولمەهدی نامەیەک ئاراستەی مستەفا کازمی دەکات
رووداو - هەولێر
عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق نامەیەک ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات و سەرەڕای پیرۆزبایی لە کازمی داوا لە لایەنەکان دەکات پشتیوان و هاوکاری حکومەتی نوێ بن.
لە نامەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-05-2020 بڵاوکراوەتەوە، عادل عەبدولمەهدی پیرۆزبایی لە مستەفا کازمی دەکات، بەبۆنەی وەرگرتنی متمانە و پێکهێنانی حکومەتەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق داوا لە هەمووان دەکات پشتیوانی و هاوکاری حکومەتی نوێ بکەن "تاوەکو وڵات لەو قۆناخە سەخت و ئاڵۆزە تێپەڕێنرێت".
رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کابینەکەی مستەفا کازمی پەسندکرا و وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق متمانەی پێدرا، لە توویتێکیشیدا بە زمانی کوردی دوای هەڵبژاردنی، کازمی رایگەیاند، "بێ راوەستان کاردەکەم بۆ بەدەستهێنانى بڕواى گەلەکەم".
پەرلەمانی عێراق بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی متمانەی بە حکومەتی نوێ بەسەرۆکایەتی مستەفا کازمی بەخشی و لە کۆی 22 وەزیر، 15 وەزیر متمانەی پەرلەمانیان پێدرا.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا بەربژێرانی بۆ وەزارەتەکانی داد، کۆچ و کۆچبەران، بازرگانی، رۆشنبیری و کشتوکاڵی رەتکردەوە. لەکاتێکدا بەربژێران بۆ وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە هێشتا دەستنیشاننەکراون.