سەرۆکی لیژنەی یاسایی: بۆ یەکلاییکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی کورد مەرجی هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بۆ یەکلاییکردنەوەی شەش ماددە پەسندنەکراوەکەی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق کورد مەرجی هەیە، کە بریتییە لە بڕیاردانی دادگاکە بە دەنگی هەموو ئەندامانی ئەگەر بابەتەکە ناکۆکی بێت لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
 
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دیسان لیژنەی یاسایی لەبارەی یەکلایی کردنەوەی شەش ماددە پەسندنەکراوەکانی پرۆژە یاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی کۆدەبێتەوە، سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیش دەتوانن لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربن، لە تێکڕای ئەو شەش ماددەیەش سیانیان بە نیمچەیی یەکلایی کراونەتەوە، بەڵام سێیەکەی دیکە یەکلایی کردنەوەیان ئاڵۆزە".
 
بەگوتەی رێبوار هادی، سێ ماددە ئاڵۆزەکەی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی بریتین لە ماددەکانی 2، 3 و 12، کە باس لە رۆڵی شارەزایانی شەریعەتی ئیسلام لە دادگاکە و ژمارەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی دەکەن، لەگەڵ شێوازی بڕیاردانی دادگاکە. سەبارەت بە شارەزایانی شەریعەتی ئیسلام و  یاسا لە دادگای فیدراڵی، لیژنەی یاسایی و سەرۆک فراکسیۆنەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتن ئەو شارەزایانە تەنیا لە کاتی پەیوەندبوونی بڕیارەکانی دادگاکە بە نەگۆڕەکانی شەریعەتی ئیسلام و نەگۆڕەکانی دیموکراسی مافی دەنگدانیان هەبێت وەک هەر ئەندامێکی دیکەی دادگای فیدراڵی، هاوکات لە رەشنووسی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵدا ژمارەی شارەزایانی شەریعەتی ئیسلام لە دادگاکە بە چوار شارەزا دیاریکراون، ژمارەی شارەزایانی یاسا بە دوو شارەزا ، بەڵام ژمارەی دادوەرانی ئەندام لە دادگاکە بە 7 ئەندام دیاریکراون".
 
سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی ماددەی 12ـی پرۆژە یاسای پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق، کە تایبەتە بە شێوازی دەنگدانی ئەندامانی دادگاکە لە هەر کەیسێکدا، رێبوار هادی گوتی: "کورد مەرجی هەیە، مەرجەکەش بریتییە لەوەی بڕیاردانی دادگاکە بە دەنگی هەموو ئەندامانی بێت ئەگەر کەیسەکە ناکۆکی بێت لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، یان کەیسەکە ناکۆکی بێت لە نێوان حکومەتی عێراق و هەر پارێزگایەکی عێراق".
 
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 5ـی ئێوارەی دووشەممە، پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەو 6 ماددەیەی پرۆژە یاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی دەدات، کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەماندا دەنگیان لەسەر نەدرا، ئەمەش لە کاتێکدایە پەرلەمان لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوودا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی 18 ماددەی پرۆژە یاسای نوێی دادگای فیدراڵی پەسندکرد.
 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 9 ئەندام پێکهاتووە، 3 شیعە، 2 کورد، 2 سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک، بەڵام تائێستا دوو ئەندامی دادگاکە خانەنشینکراون، بۆیە دادگاکە ناتوانێت کۆببێتەوە و بڕیار بدات، چونکە بەپێی یاسای دادگاکە، دادگای فیدراڵ دەبێ بە ئامادەبوون و بەشداربوونی سەرۆک و هەموو ئەندامانی کۆببێتەوە و بڕیار بدات.
 
بەپێی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق، دادگای فیدراڵ 8 ئەرکی سەرەکی هەیە، کە دیارترینیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.