رووداو دیجیتاڵ
بانکى رافیدەین لە عێراق 18 سیناریۆى پێشبینیکراو بۆ سپیکردنەوەى پارە دەنێرێت بۆ لقەکانى بۆ ئەوەى ئاگادارى بن، لەوانە کردنەوەى هەژمارى بانکى جیاواز لەلایەن کەسێکەوە، دانانى پارەیەکى زۆر لە هەژمارەکان لە ماوەیەکى کەمدا و راکێشانى پارە لە رێگەى چەند لقێکى بانکەکەوە.
لە نووسراوێکدا کە بانکى رافیدەین ئاراستەى لقەکانى ئەو بانکەى کردووە، چەند رێنماییەکى پێداون بۆ ناسینەوەى چالاکیى دراو کە گومان دەکرێت سپیکردنەوەى پارە بێت.
بەگوێرەى ئەو نووسراوە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، بانکەکە 18 سیناریۆى چاوەڕوانکراوى بۆ بانکەکان ناردووە، کە دەکرێت لە رێگەیانەوە پارە سپی بکرێتەوە، یان چالاکییەکە بچێتە چوارچێوەى پارەدارکردنى تیرۆر.
یەکێک لەو سیناریۆیانە، دانانى پارەیەکى زۆرە لە هەژمارێکى بانکى ئەو لقانەى بانکى رافیدەین کە لەگەڵ قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانی یان کارى ئەو کەسە نەگونجێت.
سیناریۆیەکى دیکە دانانى پارەى بەردەوامە بە بڕى کەم بۆ ئەوەى سەرنج لەسەرى لابچێت لەلایەن فەرمانبەرى بانکەوە، لە کاتێکدا تێکڕاى ئەو پارەى دایناوە لەو ماوەیەدا لەگەڵ سرووشتى کارى ئەو کەسە ناگونجێت.
بەکارهێنانى هەژمارى بانکى جیاواز وەک لە نووسراوەکەدا هاتووە یەکێکى دیکەیە لە سیناریۆکانى دیکەى سپیکردنەوەى پارە، بۆ ئەوەى لە ماوەیەکى کەمدا پارەیەکى زۆر بخاتە سەریان، یان دانانى پارەیە لە هەژمارێکى دیاریکراو، بەڵام لە رێگەى چەند لقێکى جیاوازى بانکەکەوە.
یەکێکى دیکە لە سیناریۆکان، دانانى پارە و راکێشانیێتى بە بڕى زۆر لە رێگەى ئامێرى ئەى تى ئێمى راکێشانى پارە، بۆ خۆ بەدوورگرتن لە بەریەککەوتنى راستەوخۆ لەگەڵ کارمەندانى بانک، بەتایبەت ئەگەر ئەو پارەیە لەگەڵ داهاتەکەیدا نەگونجێت.
پێشکێشکردنى زانیارى دارایی لەبارى چالاکییە بارزگانییەکانى خاوەنى هەژمارە بانکییەکە، یەکێکى دیکەیە کە بانکى رافیدەین هۆشدارى لەبارەیەوە داوە، ئەگەر زانیارییەکانى جیاواز بێت لە زانیارى کۆمپانیا هاوشێوەکان لە هەمان کەرتدا.
بانکى رافدین لە 4ى شوباتی 2025 ئەو نووسراوەی ئاراستەى لقەکانى کردووە، واتە چوار رۆژ دوای نووسینێکى جۆوی وێڵسن، ئەندامى کۆنگرێسى ئەمریکا کە بانكی رافیدەینى بەوە تۆمەتبار کرد"بووەتە گەورەترین ئامرازى سپیكردنەوەی پارە بۆ ئێران و هاوكارەكانیان لە عێراق، بۆ بەدەستهێنانى دۆلارى ئەمریکى" بۆیە داواى سزادانى بانکەکەی کرد.
هەندێکى دیکە لە سیناریۆکان تایبەتن بە حەواڵەکردنى پارە، لەوانە حەواڵەکردنى پارە بە بڕى زۆر، کە هاوتاى چالاکى ئەو کەسە نەبێت، لەگەڵ دووبارەبوونەوەى حەواڵەکردن بۆ لایەنێکى دیاریکراوى سوودمەند لە ماوەیەکى دیاری کراودا.
لە سینایۆکاندا باس لە مامەڵەى چەکى بانکى کراوە، کە دەکرێت گومانیان لێ بکرێت، لەوانە کڕینەوەى نەختینەیى چەکى بانکى بە بڕێکى زۆر، رادەستکردنى چەکى بانکى بە بڕى پارەى زۆر لە هەژمارى دیکەوە بۆ سەر هەژمارى ئەو کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ