رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوى یونسکۆ لە عێراق رایگەیاند، 15 وڵات پاڵپشتى دەستپێشخەریى "ژیاندنەوەى رۆحى موسڵ" یان کردووە و 115 ملیۆن دۆلاریان بۆ کۆکردووەتەوە، کە ئامانج لێى نۆژەنکردنەوەى ئەو شوێنانەیە لە شەڕى داعش خاپوور کراون.
رێکخراوى پەروەردە و زانست و کولتوورى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان (یونسکۆ) لە عێراق لە راپۆرتێکدا هەندێک وردەکاریى جێبەجێکردنى ساڵێکى دەستپێشخەرى "بوژاندنەوەى رۆحى موسڵ" بڵاوکردەوە.
نۆژەنکردنەوەى مزگەوتى نوورى و منارەى حەدبا بەشێک بوون لە پڕۆژەکانى دەستپێشخەرییەکەى یونسکۆ، کە دوو پێگەى ئایینى و مێژوویی موسڵن.
یونسکۆ رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیەیان بە هاوکارى ئیماراتى عەرەبى جێبەجێکردووە و بەربەست و ئاستەنگ هاتووەتە بەردەمیان، لەوانە لادانى تەقەمەنییەکان و پارێزگاریکردن لە هۆڵەکانى نوێژکردن کە لە سەدەى دوازدە دروستکراون.
بە هۆى شەڕى داعش لە نێوان 2014 بۆ 2017 لە موسڵ، بەشێکى زۆرى منارەى حەدبا رووخاو و زۆربەى بەشەکانى مزگەوتى نوورى زیانى بەرکەوت.
ئەو رێکخراوە رایگەیاندووە کە 124 خانووى دێرینى موسڵ-یان بە هاوکارى یەکێتیى ئەورووپا نۆژەنکردووەتەوە بۆ ئەوەى خێزانەکانیان بۆی بگەڕێنەوە.
لەو راپۆرتەى یونسکۆدا، کەسێک بە ناوی نەجات کە یەکێک بووە لەو کەسانەى لەگەڵ نۆ براى لە یەکێک لە خانووانە ژیاوە، دەڵێت: "گەڕانەوە بۆ ئێرە و ژیان تێیدا وەک خەونە، هەموو سووچێکى پڕن لە یادەوەرى".
بە گوێرەى راپۆرتەکە، 400 پۆلى خوێندنیان لە موسڵ نۆژەنکردووەتەوە و پێنج هەزار سەرۆک خێزانیان راهێناوە لەسەر "فێربوون لەپێناو ئاشتى "بۆ رێگرى لە گەڕانەوەى تووندڕۆیى و دیالۆگ لەگەڵ ئەو گەنجانەى نەچوونەتە بەر خوێندن.
دەستپێخەریى "ژیاندنەوەى رۆحى موسڵ" لە ساڵى 2018 لە موسڵ بە سەرپەرشتى رێکخراوى یونسکۆ دەستی پێکرد. بوارەکانى کولتوور، رۆشنبیرى، پەروەردە و خوێندن دەگرێتەوە.
یونسکۆ ئاماژەى بەوەداوە کە بۆ جێبەجێکردنى ئەو دەستپێشخەرییە، 115 ملیۆن دۆلارى کۆکردووتەوە و لەلایەن 15 دەوڵەتەوە پاڵپشتیکراوە کە ئیمارات و یەکێتیى ئەورووپا سەرەکیترین ئەو وڵاتانە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ