دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دانیشتنی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سێیەمجارە لەبارەی ئەو سکاڵایە کۆدەبێتەوە، دوایین دانیشتن لە رۆژی 31ی کانوونی دووەمی 2023 بوو، کە دانیشتنەکە بە پاساوی ناجێگیری کەشوهەوای بەغدا بۆ 7ی شوبات دواخرا.
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى چوار سکاڵا کە لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، دژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانەوە لەلایەن هەریەک لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، یوسف محەممەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە تۆمارکراون.
ئەو سکاڵایە لە رۆژی 9-10-2022، لەدژی یاسای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە بەهۆیەوە بۆ یەک ساڵ و تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی ئەمساڵ وادەی بەردەوامبوونی پەرلەمان درێژکرایەوە، ئەوانەی سکاڵایان تۆمارکردووە لە تانەکەیاندا گوتوویانە، "دژایەتی ماددەکانی 5 و 20ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و وەرگرتنەوەی مافی دەستوورییە وەکو ئەوەی لەماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 هاتووە."
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تووڕەکرد و لەنێوان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و بایکۆتکردنی و هەڵپەساردنی ئەندامێتی خۆیانهێشتەوە.