شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای قەرز لە بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە تاوەکو هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، مانگانە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، لە سەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستی کەوتوون، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داوای لە حکومەتی عێراق کردووە مانگانە بڕی 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت تاوەکو یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە جیادەکرێتەوە.
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، حکومەتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە قەرزەکانی ساڵانی رابردوو بگەڕێنێتەوە و راپۆرتی داهاتی نەوتی و نانەتی رادەستی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بکات.
رۆژی شەممە، 06-01-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچە سەردانی بەغدای کرد. شاندەکەی پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان.
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، شاندەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگ (10، 11 و 12)ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی مووچەی ئەم ساڵیش تائێستا ناڕوونە.