لە شارەبان 20 چەکداری حەشدی شەعبی ژەهراوی بوون

رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە، بە کۆمەڵ ژەهراوی بوون و بەپەلە گەیێندرانە نەخۆشخانەیەکی پارێزگاکە.
 
فارس عەزاوی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دیالە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 06-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "درەنگی شەوی رابردوو 20 چەکداری حەشدی شەعبی بەهۆی خۆراکەوە ژەهراوی بوون".
 
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دیالە دەڵێت، سەرجەم چەکدارەکان بەپەلە گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی گشتی میقدادییە (شارەبان)، چارەسەریان وەرگرتووە و تەندروستیان باشە، هیچ یەکێکیان گیانی لەدەستدا نەداوە.
 
بە گوتەی فارس عەزاوی، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهاتووە. ئەو خواردنەی چەکدارەکان خواردوویانە بۆ پشکنین رەوانەی تاقیگە کراوە، بۆ ئەوەی بزانێت بە کەڵکی خواردن هاتووە، یاخودنا.