عێراق هەناردەی نەوتی بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەمکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەى پابەندییەکانیان بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت، هەناردەى رۆژانە بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیل کەمکراوەتەوە.
 
کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق دوای سەردانێکی هەیسەم ‌غەیس، ئەمیندارى گشتىی رێکخراوى ئۆپێک دێت بۆ بەغدا لە 28ی ئابی ئەم ساڵ.
 
 بۆ سەقامگیریى بازاڕى نەوت، عێراق بەشێوەیەکى خۆویستانە بەرهەمهێنانى 220 هەزار بەرمیل نەوتى کەمکردووەتەوە، ئەوەش بەپێى رێککەوتن لەگەڵ گرووپى ئۆپێک پڵەس.  
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، ئەو کەمکردنەوەیە لە 27ى ئابى 2024ـەوە جێبەجێکراوە، ئەوە جگە لە کەمکردنەوەى بەکارهێنانى نێوخۆیی. ئەم کەمکردنەوەیەش لە مانگەکانى داهاتوو بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەى گەرەنتى ئەوە بکرێت بەرهەمهێنانى نەوت لەو چوارچێوەى ئەو بڕەدا بێت کە دیاریکراوە.
 
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت بۆ دەستەبەرکردنى پارەى بودجە کە بۆ ساڵى 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە، بەوەش رۆژانە کورتهێنانى هەناردەى نەوت زیاتر دەبێت لە 200 هەزار بەرمیل.
 
بەپێی رێککەوتنى لەگەڵ رێکخراوى ئۆپێک، عێراق بۆى هەیە رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتى لێ هەناردە دەکات و بڕەکەى دیکەى لە نێوخۆدا بەکاردەهێندرێت، بەڵام لە مانگەکانی سەرەتاى ئەم ساڵدا زیاتر لەو بڕەى لەسەرى رێککەوتن کراوە نەوت بەرهەمهێندراوە و زیادەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
وەزارەتى نەوت رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە قەرەبووکردنەوەى ئەو بڕە نەوتە زیادەی لە مانگەکانى رابردوودا بەرهەمیان هێناوە.
 
رۆژی 5ى ئەیلوول وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتوون بەردەوام بن لە کەمکردنەوەى 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوتى رۆژانە تاوەکو مانگى تشرینى دووەمى 2024. لە دواى کانوونى یەکەمى 2024 تاوەکو تشرینى دووەمى 2025 قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێنەوە بۆ بڕى بەرهەمهێنانى ئاسایی نەوت و بەگوێرەى دۆخەکە ئەو کەمکردنەوەیە رادەگیرێت یان زیاد دەکرێت.