لەسەر جموجوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکا، شیعەکان واژۆ بۆ میوانداریکردنی فوئاد حوسێن کۆدەکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە لەسەر کار و جموجوڵەکانی ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، واژۆ بۆ میوانداریکردنی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەکەنەوە. پەرلەمانتارێک بە رووداوی گوت، "باڵیۆزی ئەمریکا وەک بەرپرسێکی عێراقی هەڵسوکەوت دەکات."
 
وەعد قەدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 06-03-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە کاری باڵیۆزەکان لە چوارچێوەی رێککەوتن و پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی بێت. جموجوڵەکانی ئەم دواییانەی باڵیۆزی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و سەردانی پارێزگاکان و رێکخستنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی و لێدوانەکانی جێگەی گومانن، وەک بەرپرسێکی عێراقی هەڵسوکەوت دەکات، ئەمەش پێچەوانەی رێککەوتن و پرۆتۆکۆڵەکانی کاری دیپلۆماسییە."
 
وەعد قەدۆ، کوردێکی شەبەکی شیعە مەزهەبی نزیک هاوپەیمانیی فەتحە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری کە لە لیستەکەدا دووەمین کەسە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، رایگەیاند، "زیاتر لە 70 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە بە مەبەستی میوانداریکردنی وەزیری دەرەوەی عێراق، تاوەکو لەسەر ئەو کارانەی باڵیۆزی ئەمریکا پرسیاری راستەوخۆی لێبکرێت و روونکردنەوە بدات."
 
قەدۆ جەختی لەوەکردەوە، "دەبێت وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت و سنوورێک بۆ ئەو کارانەی باڵیۆزی ئەمریکا دابنێت و ئاگاداری بکاتەوە، ئەگەرنا، رێکاری دیکە دەگرینەبەر."  
 
هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ و یاداشتەکە لەلایەن حەسەن سالم، سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقوونی سەر بە عەسائیب ئەهل حەق بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی رێکخراوە. یاداشتەکەی بە واژۆی پەرلەمانتاران ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە، تێیدا داوای میوانداریکردنی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەکات.
 
لەبارەی هۆکاری میوانداریکردنەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە یاداشتەکەدا هاتووە، "بۆ گفتوگۆکردن و روونکردنەوەیە لەبارەی دەستوەردانی روونی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کاروباری ناوخۆ و سەردانە دووبارەبووەوەکانی بۆ وەزارەتەکان و جموجوڵەکانی لە پارێزگاکانی عێراقدا."