مانگی داهاتوو گەشتی راستەوخۆی نێوان عێراق و مالیزیا دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان عێراق و مالیزیا دەستپێدەکات. 
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی شەممە 06-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 01-02-2024 بە فەرمی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان عێراق و مالیزیا دەستپێدەکات، گەشتەکەش بە فڕۆکەی (Dreamliner) لەلایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە دەبێت. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، سەرەتا هەفتانە یەک گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان عێراق و مالیزیا دەبێت.  
 
مەیسەم سافی راشیگەیاند، هەوڵدەدەن گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی جیهان زیاتر بکەن، یەکێکیان ئازەربایجانە، هەردوولا چەند جارێک کۆبوونەتەوە و، ئێستا تەنیا کێشەی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی عێراقی لەلایەن ئازەربایجانەوە ماوە. 
 
رۆژی 10-11-2023 گەشتی راستەوخۆی ئاسمانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک دەستیپێکرد، کە هەفتانە حەوت گەشتی راستەوخۆیە بۆ شارەکانی دۆسڵدۆرف، فرانکفۆرت، بەرلین، میونش لە ئەڵمانیا و کۆپنهاگن لە دانیمارک.
   
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە ساڵی 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا هەیە.