دەستەی نەزاهە: ئاستی بەرتیلوەرگرتن لە عێراق نەگۆڕە

رووداو- بەغدا


دەستەی نەزاهەی عێراق رایدەگەیێنێت ئاستی بەرتیلوەرگرتن لە مانگی 9 و 10ی ساڵی 2014 تا رادەیەک گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، لەودەمەی رێژەی گەندەڵی دارایی و کارگێری لە دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق لەو دوو مانگەدا لە نێوان 2.71% بۆ 2.56% بووە.

دەستەی سەربەخۆی نەزاهەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت:"بەپێی توێژینەوەی مانگانەی دەستەکەمان کە لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا ئەنجامی دەدەین، بەدەر لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین، 13 فەرمانگەی پارێزگای نەجەف گەندەڵترین فەرمانگەی حکومەتن لەسەر ئاستی عێراق و زۆرترین بەرتیل وەردەگرن".

دەستەی نەزاهە دەشڵێت،" فەرمانگەی تۆماری موڵکداریی یەکی پارێزگای بەسرە لە پلەی دووەمدا هاتووە لە رووی وەرگرتنی بەرتیل و بەڕێوەبەرایەتی تۆماری موڵکداریی کەرکووک لە پلەی پێنجەم دێ لەسەر ئاستی عێراق لە وەرگرتنی بەرتیل".

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتی نەزاهە، عێراق لە پلەی شەشەم دێ دوای وڵاتانی سۆماڵ، کۆریای باکوور، باکووری سودان، ئەفغانستان، باشووری سودان لە رووی گەندەڵی دارایی و کارگێری و بەرتیلوەرگرتنەوە.