ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کێشەکانى پەیوەست بە سەرژمێرى تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق "بڕیارى پێویست" لەبارەى ئەو تێبینییانەوە بدرێت، کە هەرێمى کوردستان لەسەر پرسی سەرژمێرى هەیبووە. 
 
کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق هەموو رۆژانی سێشەممە دەکرێت، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو ئەنجوومەنەیە لەدواى سەردانى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران، کە بە سەرپەرشتیی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار بوو بۆ چارەسەرى کێشەى تێبینییەکانى هەرێمى کوردستان لەسەر پرسی سەرژمێرى. 
 
یەکێک لە تێبینییە سەرەکییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەیە؛ ئەو عەرەبانەى لە هەرێمى کوردستان یان ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستانن، لە کاتى سەرژمێرى دا وەکو نیشتەجێى ئەو ناوچانەى ئێستایان تۆمار نەکرێن، بەڵکو لەسەر ئەو ناوچانە تۆماربکرێن، کە پێشتر لێى بوون و شوێنى رەسەنى خۆیانە. 
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمار بە تۆڕى میدیایى رووداوى راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەى کۆشکى سەلام بە سەرپەرشتى سەرۆککۆمار، نوێنەرانى هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە کرد و شاندى هەرێمى کوردستان تێبینیی خۆى خستەڕوو بەوەى نیگەرانیی هەیە لەو بڕگەیەى تایبەتە بە ناونووسکردنى ئەو کەسانە لەسەر بنەماى ئەوەى؛ لە کوێ نیشتەجێین، نەوەک شوێنى رەسەنیان کوێیە. شاندەکەى هەرێمى کوردستان پێیوابوو ئەوە کاریگەرى لەسەر گۆڕانى دیمۆگرافى دەبێت بەتایبەتی لە ناوچەکانى سنوورى مادەى 140.
 
هاوڕێ تۆفیق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بەڵێنى دا لە کۆبوونەوەى داهاتووى ئەنجوومەنى وەزیراندا واتە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیارى پێویست لەو بارەیەوە بدرێت، بەوەى ئەو کەسانە لە سەر شوێنى رەسەنى خۆیان ناونووس بکرێن، نەوەک لەسەر بنەماى ئەوەى ئێستا لەکوێ نیشتەجێن.
 
20ـی تشرینى یەکەمی 2024 بۆ سەرژمێرى گشتیی دانیشتووان دیاریکراوە، ئێستا زۆرینەى هەنگاوەکانى پرۆسەى گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە هەرێمی کوردستان و عێراق تەواو بووە. 
 
چوار پرس ناکۆکى سەرەکى نێوان هەولێر و بەغدان لەبارەى سەرژمێرى بریتین لەو ئاوارە عەرەبانەى لە دواى 2014 چوونەتە ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ چارەنووسی تۆمارکردنى هاونیشتمانیانى ئەو ناوچانە ئێستا لە هەرێمى کوردستانن، نەبوونى کاتى پێویست بۆ ئامادەکاریی سەرژمێرى، تەرخانکردنى 12 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان لە کۆى 470 ملیار دیناری پارەی سەرژمێری، دروستنەکردنى ناوەندى زانیارى تایبەت بە کۆکردنەوەى زانیارییەکان لە هەرێمى کوردستان  کە حکومەتى فیدراڵى مانگى ئابى رابردوو بڕیارى دروستکردنی داوە و تاوەکو ئێستا دروستنەکراوە.
 
لە دواى 37 ساڵ، یەکەمجارە سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە یەک کاتدا بکرێت.