گرتووخانەکانى عێراق 300% بەندکراویان تێدایە؛ هەندێکیان سزاکەیان تەواوکردووە و ئازاد نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
دواى دوو ساڵ لە پێکهێنانى حکومەت، پەرلەمانى عێراق دەستى بە گفتوگۆ کرد لەسەر هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى کە لە کارنامەى حکومەتدا هاتووە. بە گوتەى سەرۆکى رێکخراوێکى مافى مرۆڤ، هەندێک لە بەندکراوان ماوەى سزاکەیان تەواو کردووە و ئازادنەکراون.
4ى ئاب پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ هەموارى پڕۆژەیاساى لێبووردنى گشتى کرد کە داواکاریى سوننەکانە.
ئەوە هەموارى دووەمى یاسای لێبووردنى گشتى ساڵى 2016ەیە و 1 مادەى بۆ زیاد دەکرێت کە تایبەتە بە روونکردنەوەى "هاوسۆزی" بۆ رێکخراوە "تیرۆریستییەکان" و بەشداریکردن لە هێرشی "تیرۆریستى".
بەگوێرەى هەموارەکە، ئەو کەسانەى ئەو پێناسەیە نایانگرێتەوە، دەرفەتى ئەوەیان هەیە بە لێبووردنى گشتى ئازاد بکرێن؛ هەندێکى دیکە ماوەى سزاکەیان تەواو کردووە، بەڵام ئازادنەکراون.
د. فازل غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندى ستراتیژیى مافى مرۆڤ لە عێراق لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى، "دواکەوتنى ئازادکردنى سزادراوان یەکێکە لەو کێشە و ئاڵنگاریانەى هەن و یەکێک لە هۆکارەکەى رۆتینە و ماوەیەکى زۆرى پێدەچێت تاوەکو کارەکە رایی دەکرێت. هەروەها زۆر کەسیش هەن لە گرتووخانەدان و حوکم نەدراون؛ بۆیە خەڵکێکی زۆر ئازاد دەکرێن".
سوننەکان داکۆکیکارى سەرەکى ئەو هەموارەن و پێیان وایە کەسانێکى سەر بەو پێکهاتەیە بە "تاوانى هەڵبەستراو" خراونەتە گرتووخانەوە و لە رێگەى ئەو هەموارەوە ئازاد دەکرێن.
پاڵنەرێکى دیکەى ئەو هەموارە قەرەباڵخى گرتووخانەکانى عێراقە کە زیاتر لە 60 هەزار بەندکراوى تێدایە، لە کاتێکدا شوێنی 20 هەزار کەسیان تێدا دەبێتەوە.
د. فازل غەڕاوى دەڵێت، "قەرەباڵخى گرتووخانەکان گەیشتووەتە 300٪ و پێشنیازمان کردووە شارى چاکسازیى دروست بکرێت کە سەرجەم بەندکراوانى تێدا کۆبکرێتەوە کە نموونەیی و بە گوێرەى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بێت و تێیدا شیاندنەوە بۆ گیراوەکان بکرێت".
پێداچوونەوە بە دۆسیەى بەندکراوان و لێبووردنى گشتى لە کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانییدا هاتووە کە کۆتایی تشرينى یەکەمى 2022 لە پەرلەمانى عێراق پەسند کرا.
بەر لە هەموارى یاسای لێبووردنى گشتى، سەرۆکایەتیى کۆمار هەنگاوى بۆ ئەو بابەتە نا و لە 25ى حوزەیراندا ئاماژەى بەوەدا لە رێگەى لیژنەیەکەوە زیاتر لە 12 هەزار بەندکراو و راگیراو ئازادکراون.
هاوڕێ تۆفێق، بەڕێوەبەرى پەیوەندیییەکانى سەرۆکایەتیى کۆمار لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى (رووداوى عێراق) رایگەیاند، "زۆرینەى ئەوانەى لە گرتووخانەکاندان بە مادەى تیرۆر لە پێکهاتەی سوننەن و ئەوەش ناڕەزایی ئەوانى لێکەوتووەتەوە و پێیان وایە دادگاییکردنیان لە کاتى خۆیدا پیشەیی نەبووە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گوتەیان لێ وەرگیراوە".
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەى بەوەدا کە کەسانێکی زۆر لاى سەرۆککۆمار سکاڵایان کردووە و سەرۆککۆماریش لەگەڵ لایەنە پەیوەیدارەکان بەتایبەت وەزارەتى داد لە هاوئاهەنگیدایە بۆ بەدواچوونی ئەو دۆسیانە.
بەگوێرەى ئامارێکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافەمانى مرۆڤ، عێراق لە ریزبەندى 81 ەمین وڵاتى جیهانە لە رووى قەرەباڵخى گرتووخانەکانەوە. نیسانى رابردوو خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق رایگەیاند، بەنیازن قەرەباڵخى گرتووخانەکان بگەیێننە 200%، ئەوەش لە رێگەى کردنەوەى چەند گرتووخانەیەکى نوێوە.
لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەداوە، هەر بەندکراوێک رۆژانە لانىکەم 10 هەزار دینارى پێویستە؛ بەوپێیە بەندکراوان لە عێراق ساڵانە 220 ملیار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.