پلاندانانى عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 60%ـى سەرژمێریى ئەزموونى تەواو بووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 60%ـى کارەکانى سەرژمێرى ئەزموونى لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان تەواو بوون، گەورەترین ئاڵنگاریى بەردەمیان بەرگریی پلەى گەرمى ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوور بووە.
لە 31ى ئایارەوە سەرژمێرى ئەزموونى لە عێراق و هەرێمى کوردستان دەستیپێکردووە. عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر 60%ى کارەکانی ئەو سەرژمێرییە تەواو بوون و هەشت رۆژى دیکەمان لەبەردەمە تاوەکو 13ى حوزەیران بۆ ئەوەى ئەوەى کارەکە تەواو بکرێت".
لە سەرژمێریی ئەزموونى هەموو هەنگاوەکانى ئەو سەرمێژییە دەکرێت کە بڕیارە لە 20ى تشرینى دووەم دەستپێبکات، بۆ ئەوە لە هەر پارێزگایەک دوو شوێن دیاریکراوە سەرژمێرییەکەی تێدا بکرێت.
عەبدولزەهرە هینداوى گوتى: "سەرژمێریى ئەزموونى بەشێوەیەکى هاوتەریب و هاوکات لە نێوان پارێزگاکان دەکرێت، بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیشەوە، چونکە کاتەکان بۆ هەموویان دیاریکراوە"
یەکەمجارە لە دواى 37 ساڵ سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە عێراق بکرێت، سەرژمێرى ئەزموونى لە 36 ناوچەی عێراق دەکرێت.
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، لە کۆتایی سەرژمێرى ئەزموونى، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنى کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەمی، گوتیشى: "گەورەترین ئاڵنگارى لە بەردەم پرۆسەکە لە نێوەڕاست و باشوور بووە کە بەرزى پلەى گەرما بوو".
بڕیارە هەنگاوەکانی سەرژمێرى گشتیى دانیشتووان لە 15ى تەممووز دەستپێبکات بۆ 15ى ئەیلوولى داهاتوو، کە ئەویش پرۆسەى گەمارۆسازیى و ژمارەلێدانى باڵەخانەکانە لە عێراق. لە مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵیش سەرژمێرییەکە دەکرێت.