کارمەندێکى وەزارەتى ناوخۆ لەسەر دەرکەوتنى لەگەڵ کچێکدا خانەنشین کرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو کارمەندەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق خانەنشین کرا، کە لەگەڵ کچێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت و باسی لەوە دەکرد، بە واستە پلە بەزرکردنەوەى پێشخراوە. بڕیاری خانەنشینکردنەکەش لەلایەن لیژنەیەکى وەزارەتەکە دراوە.
 
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کارمەندەکەى پۆلیس لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لەگەڵ کچێک دەردەکەوێت و ئاماژە بەوەدەکات بە واستە و بە پارە شەش مانگ پلە بەرزکردەوەى پێشخراوە. وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، "ئەو کارمەندەى پۆلیس هەڵسوکەوتى دژ بە ئاکارى وەزیفى نواندووە و لەگەڵ  کارى پیشەگەرانەى وەزارەتى ناوخۆ ناگونجێت."
 
لە بەشێکى دیکەى گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەو کچەى یاوەرى کارمەندەکەى پۆلیس دەکات، بەو کارمەندە دەڵێت: "بە ویستى خوا پۆستى وەزارەتى ناوخۆ وەردەگریت".
 
بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆ لەسەر بنەماى لیژنەى رێنماییەکانى ساڵى 2012 بووە کە تایبەتە بە خانەنشینکردنى ئەو کارمەندانەى پابەند نابن بە رێکارە پیشەگەرانەکانى وەزارەتى ناوخۆ و بڕیارداوە کە ئەو کارمەندە خانەنشین بکرێت.
 
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت: "رێگە بە هیچ بێڕێزییەک نادەین لەلایەن هەر ئەفسەر و کارمەندێکەوە بکرێت کە بیەوێت مامەڵەیەکى نایاسایی بکات".