فەرمانبەرانى بەسرە ماندەگرن و لە بەغداش خۆپێشاندان دەکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى باڵاى هاوئاهەنگیی فەرمانبەرانى عێراق بڕیاریدا یەکشەممە لە پارێزگاى بەسرە مان بگرن و دوو رۆژ دواتریش لە بەغدا خۆپێشاندان بکەن، بۆ ئەوەی گۆڕانکارى لە خشتەى مووچەدا بکرێت.
 
لقى بەسرەى لیژنەى باڵاى هاوئاهەنگیی فەرمانبەرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا داواى لە فەرمانبەرانى سنوورى پارێزگاکە کردووە، لە 7ى نیسانى 2023 مانگرتن لە فەرمانگەکانى سنوورى ئەو پارێزگایە دەستپێبکەن بۆ گوشار دروستکردن لەپێناو دەستکاریکردنى خشتەى مووچەى فەرمانبەران بەمەبەستى زیادکردنى.
 
حوسام عوبێدى، ئەندامى لیژنەى باڵاى هاوئاهەنگى فەرمانبەرانى عێراق بەتۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "مانگرتنى فەرمانبەرانى بەسرە بەردەوام دەبێت، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت، کە بریتییە لە گۆڕانکاری لە مووچەى فەرمانبەراندا". گوتیشی: "مانگرتنەکە سەرجەم دامەزراوەکان دەگرێتەوە".
 
رۆژی 1ـی ئایارى 2023، هەزاران فەرمانبەرى عێراق لە بەغداى پایتەخت خۆپێشاندانیان کرد و داوای گۆڕانکارییان لە خشتەى مووچە و زیادکردنى بڕەکەى کرد.
 
حوسام عوبێدى ئاشکرایکرد کە لیژنەى باڵاى هاوئاهەنگیی فەرمانبەرانى عێراق بڕیاریداوە رۆژی 9ـی ئایار فەرمانبەران لە بەغدا و بەسرە خۆپێشاندان بکەن، بەشێوەیەک فەرمانبەرانى ئەو پارێزگایانەى نزیکن لە بەغدا بچنە ئەوێ، ئەوانەشی لە پارێزگاکانی نزیک بەسرەن، بچنە بەسرە.
 
ئەو خۆپێشاندانانە هاوکاتە لەگەڵ پێکهێنانى لێژنەیەک لەلایەن ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ پێداچوونەوە بە سیستمى مووچەى فەرمانبەران بە مەبەستى زیادکردنى، رێژەى زیادکردنەکەش لەنێوان 10% تاوەکو 150% لە مووچەى بنەڕەتی فەرمانبەران دەبێت.