سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
سبەی سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا دەستپێدەکات و دوو رۆژ دەخایێنێت. شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەکە لە بەغدان. لەو چوارچێوەیەدا وەزیرەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە بەغدا کۆبووەوە.
رۆژی هەینی، 5ـی ئایاری 2023، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا لەگەڵ عون زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کۆبووەتەوە و باسیان لە ئامادەکارییەکانی سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو کردووە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ پێنج شەممەش بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە بەشداریی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی، دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتیمانیی ئاو بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی ئاو، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، رێکارەکانی پەیوەست بە پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق، پیسبوونی ئاو و دروستکردنی بەنداو لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیان لەبارەکراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە نێوەڕۆکی داواکارییەکانی شاندی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دانوستاندنەکان لەبارەی ستراتیژیی ئاو لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا کراوە و راشیگەیاندووە، "لەمەودوا نوێنەری ئێمەش [وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان] لەگەڵ شاندی عێراق بەشداریی دیدار و کۆبوونەوە گرنگەکان دەکات".
بڕیارە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە، بە چاودێریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سێیەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتیی ئاو لە بەغدا بەڕێوەبچێت و تێیدا چەندین توێژینەوەی زانستی لەبارەی دۆخی ئاو، کەمئاوی، کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا پێشکێش بکرێن.
بانگهێشتنامە ئاراستەی چەندین وەزیری ئاوی وڵاتانی ناوچەکە، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بواری ئاو و کەشوهەوا، باڵیۆزی وڵاتان، وەزیر، پارێزگار و ئەندامانی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق کراوە، ئەوە وێڕای بانگهێشتکردنی مامۆستایانی زانکۆ و چەندین کەسایەتی عێراقی و نێودەوڵەتیی پسپۆڕ و کەسایەتیی میدیایی.