دوو تەقینەوە لە بەغدا؛ 16 کەس کوژران و بریندار بوون
رووداو ـ هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو لە باكوور و باكووری رۆژئاوای شاری بەغدا 16 كەس كوژران و برینداربوون.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە ناوچەی عامریە لە باكووری رۆژئاوای شاری بەغدا كەسێك كوژراو هەشت كەسی دیكەش برینداربوون، هاوكات بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە ناوچەی تاڕمیە لە باكووری شاری بەغدا دوو كەس كوژران و پێنج كەسیش برینداربوون."
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە دوای تەقینەوەکە، دەست بەجێ هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنی تەقینەوەكان و بە مەبەستی زوو چارەسەركردنیان بریندارەكانیان گەیاندنە نەخۆشخانە و كوژراوەكانیشان رەوانەی پزیشكی دادكرد".
هاوکات رۆژی شەممە 4-2-2017، نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو لە باشووری شاری بەغدا حەوت كەس برینداربوون، رۆژی هەینیش لە ئەنجامی تەقینەوەی دوو بۆمب لە باشووری شارەكە هەشت كەس كوژرن و برینداربوون.
داڕشتنەوە: راوچی حەسەن