بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، کاژێر 06:45 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە پارێزگای ئەنبار پێنج مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کران، مووشەکەکان بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە سەربازگەکە کەوتوونەتە خوارەوە کە راوێژکار و راهێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی تێدایە.
بنکەی عەین ئەسەد جگە لە هێزە عێراقییەکان راوێژکار و راهێنەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تێدان و چەندین جاری دیکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان بە مووشەک و درۆن کراوەتە ئامانج.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاندووە، دوای رووداوەکە راستەوخۆ لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و هێرشەکەش لەلایەن "چەکدارانی دەرەوەی یاسا ئەنجامدراوە". هاوکات وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەشی بڵاوکردووەتەوە کە لەڕێگەیەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە.