پۆمپەیۆ: عادل عەبدولمەهدی لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەی ئێراندایە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، ئەوان دەمێکە لە عێراقن و پشتیوانیان لە سەروەریی عێراق کردووە و گوتیشی، خەڵکی عێراق دەیەوێت ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا بمێنێتەوە.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، ئەوان دەمێکە لە عێراقن، پشتیوانیان لەسەروەریی عێراقیان کردووە و هەروەها ئەو تیرۆریستانەیان تێکشکاندووە کە دژی خەڵکی عێراق بوون.
لەبارەی گوتەکانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقیش کە گوتبووی، لەبەرژەوەندی عێراق و ئەمریکادایە کۆتایی بە هەبوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق بهێنن، پۆمپیۆ رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەیە و لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەی ئەو سەرکردایەتییەی ئێراندایە کە ئەوان دژیانن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند، ئەمریکا دڵنیایە کە خەڵکی عێراق دەیانەوێت ئەمریکا لە وڵاتەکەیاندا بمێنێتەوە و شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام بێت.
هاوکات جەختیشی لەوەکردەوە، وڵاتەکەیان هەموو شتێک دەکات تاوەکو هاووڵاتییەکانیان بە سەلامەتی بپارێزن.
ئەم قسانەی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێش بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دێت کە بڕیاردرا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بکەنەدەرەوە.