عێراق نادیە موراد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەربژێر دەکات
رووداو - هەولێر
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی سێشەممە 5/1/2016، بەفەرمی کاندیدکردنی نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی کە لەدەستی داعش رزگاری بووە، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی راگەیاند.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا هۆکاری بەربژێرکردنی نادیە مورادی ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە " نادیە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە دانیشتنێکدا لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، باسی لە ناڵەی ژنانی ئێزدی کرد کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون و مرۆڤ بەهۆیانەوە شەرمەزار دەبێت. ئەو هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە 3400 کچ و ژنی ئێزدی لەژێر دەستی داعش رزگار بکەن".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقدا هاتووە " نادیە رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە ناساندنی نەهامەتییەکانی ژنانی عێراق بەگشتی و ژنانی ئێزدی بەتایبەتی، لەو ناوچانەی کەوتوونەتە دەستی داعش بە هەموو جیهاندا"، هەروەها باسی لەوەش کردووە " نادیە بەهۆی چاونەترسییەکەیەوە ئازایەتی نواندووە لە نیشاندانی نەهامەتییەکانی ئێزدییەکانەوە".
لە کۆتایی بەیاننامەكەشدا وەزارەتەکە نووسویەتی "ئێمە شانازی بە کاندیدکردنی ئەو کچە عێراقییەوە دەکەین بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، داواش لە رای گشتی و هەموو رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین پاڵپشتی بکەن، چونكە شایەنی ئەوەیە ببێتە سیمبولی تێکۆشانی ژن لە دژی ئەو هێزە تاریکانەی دەیانەوێت کەسایەتیی ژن لەکەدار بکەن".
ئەو کچە کوردە ئێزدییە کە توانیویەتی دوای دەستگیرکردنی لەلایەن داعشەوە خۆی رزگار بکات، لەپێناو پەردەلادان لەسەر تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە کچان و ژنانی کوردی ئێزدی بە وڵاتاندا دەگەڕێت و دەیەوێت وڵاتان دان بەوەدا بنێن کە داعش تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆسایدی بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی کردووە. ئەو، هەروەها لەبەرامبەر نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا لەسەر ئەم بابەتە بە گریانەوە قسەی کردووە.