نووسینگەکەی: سوودانی لەسەر داوای خۆی دەچێتە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داوای خۆی ئەمڕۆ دەچێتە پەرلەمانی عێراق و لەبارەی رەوشی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و چەند پرسێکی دیکە گوتارێک پێشکێش دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە (04-12-2024)، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داوای خۆی دەچێتە پەرلەمان و میوانداری دەکرێت.
سوودانی قسە لەبارەی سیاسەتەکانی حکومەت و رێکارەکان دەکات، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پەرەسەندنە هەنووکییەکانی گیراوەتەوەبەر لە رووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، تیشک دەخاتەسەر بەرنامەی حکومەت و کارە لەپێشینەکانی و ئەوانەی بەدیهێناون، لەگەڵ ئەو پرۆژەیاسانەی کە گرنگ و پێویستن بۆ تەواوکردنی پلانی پەرەپێدان.
هەر لەوبارەوە، نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سوودانی لەسەر داوای خۆی دێتە پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرس کە کاریگەرییان لەسەر رێچکەی کاری حکومەت هەیە.
هەروەها باس لەوەدەکات، ئەو میواندارییە لە چوارچێوەی سووربوونی پەرلەمانە بۆ دواداچوونی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و تاوتوێکردنی کارە لە پێشینییەکانی لەوانەش دۆسیەکانی ئاسایش، ئابووری، خزمەتگوزاریی گشتی، لەگەڵ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەرلەمان باسی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و کاریگەری بەسەر عێراق و دۆخی ناوچەکە و گرتنەبەری رێوشوێنەکان دەکات.
بە گوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەکەی پەرلەمان لەکاژێر 1:00 دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات و پێنج بڕگەی لەخۆ گرتووە:
یەکەم: میوانداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دووەم: دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی.
سێیەم: دەنگدان بە پێشنیازی پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسپۆرت.
چوارەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق (2023،2024 و 2025). هەموارەکەی مادەی 12یە، کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێنجەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی.