سوودانی بۆ دەروازە سنوورییەکان: واز لە کاخەز بێنن
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا دەروازە سنوورییەکان بەخێرایی واز لە مامەڵەی کاخەزی بهێنن و کار بە ئەلیکترۆنی بکەن. تاوەکو ئێستاش مامەڵەی 11 دەروازەی عێراق کراونەتە ئەلیکترۆنی.
دووشەممە، 04-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد، کە تایبەت بوو بە دواداچوون بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی پلانی قۆناخی دووەمی پرۆژەی بە ئەلیکترۆنی خرایەڕوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە، سەبارەت بە میکانیزمی کاری پرۆسەکە، بە ئەلیکترۆنیکردنی کاری دەروازە سنوورییەکان، کە تاوەکو ئێستا بە ئەلیکترۆنیکردنی 11 دەروازە تەواوبوون. ئامانج لەو کارەش دەروازەکان داهاتیان زیاتر بێت، ئامادەکاری تەواو بکرێت، مامەڵەی کاخەزی بۆ ئەلیکترۆنی بگۆڕێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، عێراق 21 دەروازەی سنووری هەیە، 11یان وشکانی، 6 ئاوی و 4 ئاسمانین.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا، ئینتەرنێتی بێتەل بگاتە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی دیکە، وابکات زانیارییەکان لە هەموو دەروازەکان بەردەست بن و بگوازرێنەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، لە گرنگیی وازهێنان لە مامەڵەی کاخەزی لە گومرگەکان و پشتبەستن بە مامەڵەی ئەلیکترۆنی. ئەویش لە پێناو سەرکەوتنی ئەو بەرنامەیە کە حکومەت پەسندی کردووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە (29-10-2024)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبۆنەی دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر کاری حکومەتەکەی قسەی کرد و سوودانی گوتی، هەنگاوەکانیان بوونەتە هۆی ئەوەی "داهاتی نانەوتی 6٪ زیاد بکات؛ هەروەها داهاتی باج 23٪ زیادبووە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند: "رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری بووینەتەوە، وێڕای چاکسازییەکان. بەڵام داهاتی دەروازە سنوورییەکان نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەتایبەتی لە دەروازەکانمان لە هەرێمی کوردستان. پێویستمان بە رێکاری زیاتر بۆ تووندوتۆڵکردن و یەکخستنی پێناسی گومرگی هەیە."