قاسم ئەعرەجی: کۆتایی ئەمساڵ هێزی بیانیی شەڕکەر لە عێراق نامێنێت

رووداو دیجیتاڵ 

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، لە کۆتایی ئەمساڵدا هیچ هێزێکی بیانیی شەڕکەر لە عێراق نامێنێت و جەختی لەوەشکردەوە، حکومەت پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئەو ئەندامانەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە راوێژ دەدەنە هێزە عێراقییەکان.
 
نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی رۆژی پێنجشەممە 4-11-2021 سەرپەرشتی کۆبوونەوەی هاوبەشی تەکنیکیی سەربازی نێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا "هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنیی عێراق کرا، بەتایبەت هەنگاوەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسایەی بڕیارەکانی گفتوگۆی ستراتیجی".
 
نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی لە بڵاوکراوەکەدا دەڵێت، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە بەغدا بەڕێوەچووە و تێیدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە کاری داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بریتی دەبێت لە راوێژدان، مەشقپێکردن و پەرەپێدانی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق. ئاماژەی بەوەشداوە کە لە کۆتایی ئەمساڵدا هێزە بیانییە شەڕکەرەکان لە عێراق نامێنێن و ئەوەشی ئاشكراکردووە کە، لە داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدەدرێن.
 

 
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی هێزە زەمینی، ئاسمانی، بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەوانی، دەریایی، هەواڵگری و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بەشداری کردووە، ئەمە جیا لە جۆن برینان، نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان و یاریدەدەرانی.
 
وەک راگەیێندراوەکەدا هاتووە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دووپاتیکردوەتەوە کە  حکومەت پابەندە بە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە راوێژ پێشکێشی هێزەکانی عێراق دەکەن و هاوکاریانن لە تواناسازی ئەو هێزانەدا.