نووری مالیکی: هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت بەپێی دەستوور و کۆدەنگیی نیشتمانی بێت

رووداو دیجیتاڵ

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەبێت بەپێی دەستوور و کۆدەنگیی نیشتمانی بێت و "رێگە لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی هەڵبژاردنی پێشوو بگرێت کە یاریکردنی زۆری بە دەنگەکانەوە تێدا بوو".
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئابی 2022، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند: "جەخت لە پابەندبوون بە میکانیزمە دەستووری و یاساییەکان دەکەینەوە کە تاکە بژاردەیە عێراق لە قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان دووردەخاتەوە کە زیانی گەورەیان لەبەرژەوەندییەکانی باڵای گەلی عێراق داوە وئاشتی کۆمەڵایەتیی رووبەڕووی هەڕەشەی جیدی کردووەتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیێندراوەیدا کە دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڵاوکراوەتەوە کە رۆژی پێنجشەممە لە ماڵی عەممار حەکیم لە بەغدا کۆبوونەوە، نووری مالیکی دەڵێت: "ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەبێت بەپێی دەستوور و کۆدەنگیی نیشتمانی بێت و ببێتە هۆی تۆکمەکردنی یەکێتی نیشتمانی و رێگە لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی هەڵبژاردنی پێشتر بگرێت کە پڕۆسەیەکی بێ وێنەی یاریکردنی بەدەنگەکانەوە تێدا روویدا و هێشتا بەدەست کاریگەرییە نەرێنییەکانییەوە دەناڵێنین کە درزێکی گەورەی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دروستکرد."
 
کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای داواکارییەکەی رۆژی پێشتری موقتەدا سەدر هات کە لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
 
رۆژی 25ى تەممووزی 2022، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى محەممەد شیاع سوودانى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق بەربژێرکرد، بەڵام لایەنگرانی رەوتی سەدر ئەو کەسایەتییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رەتدەکەنەوە و دەڵێن، سێبەری نووری مالیکییە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئابی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەموو جۆرە گفتوگۆیەکی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتکردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.